پەرلەمانی عێراق: بكوژانی خۆپێشاندەران ئاشكرا دەكەین

:: PM:09:00:18/01/2020 ‌
80 رۆژە خۆپێشاندان بەردەوامە، تا ئێستە سەدانیان لێ كوژراوە و بە هەزارانیش بریندارن، بەڵام هیچ كەس لەسەر كوشتنی خۆپێشاندەران نەگیراوە. پەرلەمانتارێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری دەڵێ، بەم نزیكانە ئەنجامی بەدواداچوون لە كوشتنی خۆپێشاندەران ئاشكرا دەكەین.

ئەمڕۆ شەموو 18ی كانوونی دووەم، عەبدولخاڵق عەزاوی پەرلەمانتاری لیژنەی ئاسایش و بەرگری رای گەیاند، بەم نزیكانە ئەنجامی لیژنەی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لە كوشتنی خۆپێشاندەران ئاشكرا دەكرێت.

عەزاوی هێمای بۆ ئەوەشكرد كە لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لە كۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەمی رابردوو 16ـی ئەم مانگە، دۆسیەی دەرئەنجامی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون لە پرسی كوشتنی خۆپێشاندەران لە بەغدا و شارەكانی تری باشوور، تاوتوێ كردووە، ئەنجامی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی لیژنەكەش گەیشتووەتە قۆناغێكی پێشكەوتوو.

عادل عەبدولمەهدی دەسەڵاتی بڕیاری گرتنی بكوژانی خۆپێشاندەرانى نییە


"پاش هەفتەیەك یان كەمێك زیاتر، ئەنجامەكە بۆ رای گشتی ئاشكرا دەكەین". ئەمە قسەی عەزاوی پەرلەمانتاری لیژنەی ئاسایش و بەرگرییە لەسەر كوژرانی زیاتر لە 450 خۆپێشاندەر و برینداربوونی نزیكەی 25 هەزار و رفاندن و كوشتنی چەندان چالاكی مەدەنی لە ماوەی 80 رۆژی رابردوو لە خۆپێشاندانی تشرینی یەكەم لە بەغدا و پاشان پارێزگاكانی باشووری عێراق.

عەبدولخاڵق عەزاوی دەڵێ، لیژنەكە زۆر گرنگی بەو بابەتە دەدات كە كێیە لە پشت كوژرانی خۆپێشاندەران كە بە دەستی سێیەم یان هێزی نەناسراو ناو دەبردرێت، گوتی "تەنانەت ناوی ئەو لایەنەش ئاشكرا دەكەین كە كەمتەرخەمیان كردووە لە پاراستنی خۆپێشاندەران و پشتگیری كردن لە بكوژانی خۆپێشاندەران، ئەمەش زۆر بە شەفافی بۆ رای گشتی ئاشكرا دەكەین".

بەدواداچوونی لیژنەكەی پەرلەمان لە كاتێكدایە ماوەی 80 رۆژە خۆپێشاندان و تا ئێستە زیاتر لە 450 كەسیان لێ كوژراوە و بە هەزارانیش بریندارە، بەڵام یەك كەس لەسەر كوشتنی خۆپێشاندەران نەگیراون.

باسم خەشان پەرلەمانتاری عێراقی دەڵێ، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی كاربەڕێكەر، دەسەڵاتی بڕیاردانی نییە بۆ گرتنی بكوژانی خۆپێشاندەران، گوتی "عەبدولمەهدی پشتگیری هیچ لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە ناكات، چونكە ئەوە باش دەزانێت هەر لێكۆڵینەوەیەك لەو دۆسیەیە و ئاشكراكردنی بكوژانی خۆپێشاندەران، دەبێتە خۆی سەركۆنە كردنی حكوومەتەكەی".



وشە - فه‌رمان سادق