هەرێمی كوردستان دەرمان هەناردەی دەرەوە دەكات

:: PM:03:09:27/04/2020 ‌
بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا هەرێمی كوردستان دەرمان هەناردەی دەرەوە دەكات و لە پلانی ساڵی داهاتوو بەرهەمەكە زۆر زیاتر دەكرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 27ـی نیسان، فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، جێی دڵخۆشییە كارگەیەكی هەرێمی كوردستان بتوانێ دەرمان هەناردەی دەرەوە بكات.

ەمڕۆ یەكەمین بەرهەمی دەرمانی كۆمپانیای ئاوا میدیكا بۆ یەمەن بەڕێ كرا
پارێزگاری هەولێر گوتی، بەرهەمهێنانی دەرمان لە هەرێمی كوردستان هەنگاوی باشی بڕیوە و جێی دەسخۆشییە ئەمڕۆ یەكەمین بەرهەمی دەرمانی كۆمپانیای ئاوا میدیكا بۆ یەمەن بەڕێ كرا.

پارێزگاری هەولێر ڕوونی كردەوە، پێویستە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان مەترسی كۆرۆنایان لەبەرچاو بێت و پابەندی خۆپارێزی بن و هێشتا مەترسییەكە ماوە.

محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا گوتی، هەرێمی كوردستان شوێنێكی باشە بۆ وەبەرهێنان و لە ڕۆژانی داهاتوو پلانی نوێ‌ ڕادەگەیەنین بۆ وەبەرهێنانی بیانی، كارگەكانی دەرمانیش دەتوانن بەرهەمەكانیان زیاتر بكەن.

باسی لەوەش كرد، لە بواری دەرمانەوە بەهۆی بوونی كەرەستەی خام، دەتوانرێت بەرەوپێشچوون و وەبەرهێنان ئەنجام بدرێت.



وشە - رامیار جەواد