تاقمێك هەوڵی قووڵكردنەوەی كێشەی نێوان هەولێر و بەغدا دەدەن

:: PM:04:17:27/04/2020 ‌
تاقمێك لەو پەرلەمنتارە كوردانە كە بوونەتە داردەستی شیعە، هەوڵی قووڵكردنەوەی زیاتری كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق دەدەن و لەسەر بڕینی قووت و مووچەی خەڵكی كوردستانیش رەوایەتی بە بەغدا دەدەن.

هەریەكە لە یوسف محەمەد و غالب محەمەد و هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتارانی بزووتنەوەی گۆڕان لە بەغدا و سەركەوت شەمسەدین هەڵگەڕاوە لە شاسوار و ئەحمەدی حاجی رەشید لە كۆمەڵ، بەهۆی نزیكییان لە شیعەكان، هەوڵی دروستكردنی كێشە بۆ كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەدەن.

ئەو تاقمە لە لێدوان و قسەكانیاندا دژایەتیی راستەوخۆی هەرێمی كوردستان دەكەن
ئەو تاقمە لە لێدوان و قسەكانیاندا دژایەتیی راستەوخۆی هەرێمی كوردستان دەكەن و پێیان وایە كێشەكانی برینی مووچە و قووتی خەڵك لەلایەن بەغداوە بەهۆی هەرێمی كوردستانەوە هەیە. لە دوایین لێدواندا یوسف محەمەدی پەرلەمانتاری گۆڕان دەڵێ‌، كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا پێوەندی بە نەگۆڕینی د.فوئاد حوسێن وەزیری دارایی عێراق هەیە.

ئەوە لەكاتێكدا كە كێشەكانی ئێستەی نێوان هەرێم و بەغدا كە بڕینی مووچەی لێ‌ كەوتووەتەوە هیچ پێوەندی بە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و گۆڕینی كاندیدەوە نییە.

مەیادە نەجار ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ‌، ئەو تاقمەی كە گوایە كوردن، بەڵام پشتیوانی شیعە دەكەن و هەموو هەوڵێك دەدەن كێشەی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا قووڵ بكەنەوە.

كێشەی ئێستەی نێوان هەرێم و بەغدا سیاسیییە
روونیشی كردەوە كە كێشەی ئێستەی نێوان هەرێم و بەغدا سیاسیییە و هیچ پێوەندی بە گۆڕینی كاندید و وەزیری داراییەوە نیە.

هەروەك دووپاتی كردەوە كە ئەوە بڕینی مووچەی خەڵكە و بە گفتوگۆ هەوڵدەدرێ‌ كێشەكە چارەسەر بكرێ‌.

چەند رۆژێكە بەغدا بڕیاری راگرتنی ئەو نیوه مووچەیەی داوە كە مانگانە بە كوردستانی دەدا، ئەوە لە كاتێكدا لە یاسای بودجەی 2019 ئەوە جێگیر كراوە كە مووچەی كوردستان نەبەسترێتەوە بە هیچ كێشەیەكی سیاسییەوە، ئەمەیش یەكەمجار نییە و لە شوباتی 2014 بۆ ماوەی چوار ساڵ كۆی بودجەكەیان بڕی و بەردەوام بۆ سزادانی گەلی كوردستان مووچە وەك كارتی سیاسیی و نەتەوەیی دژی كورد بەكار دێنن، بەڵام ئەوەی زۆر جێی نیگەرانی خەڵكی كوردستانە، ژمارەیەك پەرلەمانتاری كوردن لە بەغدا لە فراكسیۆنەكانی گۆڕان و كۆمەڵ و نەوەی نوێ، كە لەو دۆخەدا خۆشحاڵ دەردەكەون بە بڕینی مووچەی فەرانبەران.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم