حەوت تووشبووی تری کۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان تۆمار كران

:: PM:12:31:20/05/2020 ‌
وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، حەوت هاووڵاتیی تر لە سنووری هەولێر تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون.

حەوت تووشبووی تری ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای هەولێر دەستنیشان كران 
ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی ئایار، لە ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە، لە بەردەوامی پشكنینەكان و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان، حەوت تووشبووی تری ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای هەولێر دەستنیشان كران.

وەزارەتی تەندروستی ڕای گەیاندووە، تووشبووەكان ژنێكی تەمەن 35 ساڵ و دوو كچی تەمەن 15 ساڵ و نۆ ساڵانن كە هەرسێكیان خانەوادەی تووشبووەكەی دوێنێن و دانیشتووی گەرەكی قەتەوی شاری هەولێرن، چوار پیاوی تریش کە تەمەنیان 53 و 42 و 42 و 29 ساڵن هاوپیشە و بەركەوتەی تووشبووەكەی دوێنێی شاری هەولێرن، دانیشتووی گەرەكی سەیداوە، كۆمەڵگای شاویس و بنەسڵاوە و دەڤەری گەرمیانن.

كۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان گەیشتە 431 کەس، لە ناویاندا پێنج مردن هەیە و 383 نەخۆشیش چاك بوونەتەوە، ئێستە تەنها 43 نەخۆش لەژێر چاودێریی پزیشكدان.



وشە - رامیار جەواد