باوكی پێشمەرگەیەكی دیلی داعش: بە رادەستكردنەوەی دیلەكانی داعش برینداریان كردینەوە

:: PM:10:43:20/05/2020 ‌

دوێنێ بە بڕیاری هاوسەرۆكانی یەكێتی، 170 دیلی تیرۆریستانی داعش، رادەستی راكان جبووری، پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك و هۆزە عەرەبەكانی ئەو پارێزگایە كرانەوە، ئەوەیش نیگەرانیی كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگە بێسەروشوێنەكانی لێ كەوتەوە، ئەوان داوا دەكەن لێكۆڵینەوە لەو كارە بكرێت.
ئەو ساتەیان هاتەوە بەرچاو كوڕەكانیان لە حەویجە بەردباران دەكران
تارق رەفیق، باوكی پێشمەرگەی بێسەروشوێن  (ئاسۆ)، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، عەیبە بۆ سەرانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان كاتێك پێشمەرگەكانی ئێمە بەردباران كران و سەربڕدران، ئەوان ئەو تاوانبارانەی پێشمەرگەیان سەربڕیوە، ڕادەستی ڕاكان جبووری و هۆزە عەرەبەكان دەكەنەوە، بەوە خوێنی شەهیدەكانمانیان بە ئاو دا، ئەو ساتەمان هاتە بەرچاو لە حەویجە و لە ناو قەفەزەكان، كوڕەكانمان بەردباران كران .

زیاتر گوتی، دەبوو لەبەر خاتری شەهیدەكان و پێشمەرگە ونبووەكان كە لە حەویجە بەردبارانیان كردن، بەمشێوەیە و بە گوڵباران ئەو تاوانبارانە نەگەڕێننەوە ناو خێزانەكانیان، ئێمە چاوەڕێی ئەوەبووین لە بەرانبەر ڕادەستكردنەوەی ئەو چەكدارانە، چارەنووسی پێشمەرگە و ڕۆڵەكانمانیان بۆ ئاشكرا بكردایە، كە چەندینجار داوامان كردووە، بەڵام كەس وەڵامان ناداتەوە، بەداخەوە بۆ ئەوانە بە بەرچاوی كەسوكاری بەدیلگیراو و خێزانی شەهیدان، ئەو كارەیان كرد.

 باوكی پێشمەرگە دیلەكە دووپاتی كردەوە، داوا لە خەڵكی كەركووك دەكەین، كە قوربانییەكی زۆریان لە شەڕی داعش داوە، ئەو ڕەفتارە قبووڵ نەكەن، چۆن توانیان كەسانێك ئازاد بكەن كە بكوژی هەزاران پێشمەرگەن و هیچ خاتری قوربانیدانی پێشمەرگەیان لا نەبوو كە لە ژێر ئاڵای كوردستان، قوربانی زۆریان دا.

 "لە یەكێتی تێناگەین بۆ وا دەكات، قەترەیەك خوێنی ڕۆڵەیەكی كورد بە هەموو داعش نادرێت، بۆیە دوێنی برینداریان كردینەوە و وامان زانی ئێستە كوڕەكانمانیان بێ سەروشوێن و شەهید كردووە، زامەكانی دڵمان تازە بوونەوە لە دوێنێوە ئەو هەواڵەمان بیستووە، بەردەوام لە ماڵەوە دەگرێن، وەك كەسوكاری شەهیدان داوا لە بەرپرسانی باڵای یەكێتی دەكەین لێكۆڵینەوە لەم ڕادەستكردنی چەكدارانی داعش بكەن و بزانن چ مەبەستێكی لە پشتەوەییە"، تاریق ڕەفیق وای گوت.

باوكی پێشمەرگەی دیل ئاسۆ پێی وایە ئەم كارە بێ بڕیاری حكوومەتی هەرێم كراوە و كارێكی زۆر خراپیان كردووە، دەبوو هەر بڕیارێك  لەبارەی ئەو چەكدارانەوە بدرایە، لەلایەن حكوومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم بووایە، نەوەك كەسیی و حزبی.

 هەڵەبجە/ عەزیز ڕەسووڵ



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل