جێگری پارێزگاری هەولێر: قەدەغەی هاتوچۆ زۆر پێویستە

:: AM:10:28:24/06/2020 ‌
جێگری پارێزگاری هەولێر ڕای دەگەیەنێت، بۆ ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ چاوەڕوانی بڕیاری لیژنەی باڵا دەكەین، ئەگەر لەبەر گوزەرانی هاووڵاتییان نەبێت، ئەوا قەدەغەی هاتوچۆ زۆر پێویستە.

تا ئێستە هیچ بڕیارێكمان بۆ نەهاتووە لەسەر ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و ڕاگرتنی دەوام
ئەمڕۆ چوارشەم 24ـی حوزەیران، هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر و گوتەبێژی ژووری ئۆپراسیۆنەكانی هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە میدیاكانی ڕاگەیاند، وەك ژووری ئۆپراسیۆنەكان چاوەڕوانی لیژنەی باڵای وەزارەتی ناوخۆ دەكەین، تا ئێستە هیچ بڕیارێكمان بۆ نەهاتووە لەسەر ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و ڕاگرتنی دەوام.

جێگری پارێزگاری هەولێر گوتی، ئەگەر ڕەوشی باروگوزەرانی هاووڵاتییان نەبێت قەدەغەی هاتوچۆ زۆر پێویستە، چونكە ئەو كەسانەی دەچنە نەخۆشخانە نیشانەیان هەیە و سەرچاوەكانیش نادیارن و تەندروستی هەولێریش ئەو توانایەی نییە پشكنینی گشتی بكات.

باسی لەوەش كرد، رەنگە ئێستە بە سەتان نەخۆش هەبن پشكنینیان بۆ نەكرابێت، بەشێوەیەكی گشتی ناتوانین بەبێ‌ بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەوام ڕابگرین، بەڵام شوێنێك ڤایرۆسەكەی تێدا بڵاو بووبێتەوە، ئەوا دەتوانین ئەو شوێنە دابخەین بۆ ماوەی هەفتەیەك.

لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دیوانی پارێزگای هەولێر ڕای گەیاند، دوو فەرمانبەرمان بەركەوتەیان هەبووە، بۆیە پشكنینی گشتی كراوە و هیچ تووشبوویەكی تر نەبووە و دوو فەرمانبەرەكەش باری تەندروستییان باشە.



وشە - رامیار جەواد