فه‌رووخ نیعمه‌تپوور
كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وروپی له سه‌رده‌می رێنسانس و چاخی رۆشنگه‌رییه‌وه پێی نایه قۆناغێكه‌وه كه تێیدا گۆڕانگاریی قووڵ له بنه‌ما فیكرییه‌كانی له بواره‌كانی سیاسه‌ت، ئایدیۆلۆجیا، ئابووری و كولتووردا پێك هات. یه‌كێك له‌و بوارانه بریتی بوو له جێهێشتن یا ده‌رهاویشتنی بنه‌ما فیكرییه ئاینییه‌كان له‌باره‌ی چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵات، چۆنیه‌تیی داڕشتنی ستراكتۆری كۆمه‌ڵایه‌تی و شێوه‌ی هاوپێوه‌ندیی تاك له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌ت و مافه‌كانی. له‌م پێناوه‌دا كه‌سێكی وه‌ك ماكیاڤیلی بیرمه‌ندی ئیتاڵیایی كه به باوكی "ریال پۆڵه‌تیك" ناسراوه، به ده‌رهاویشتنی یاسا مۆڕاڵییه‌كانی مه‌سیحییه‌ت له سیاسه‌ت، كرده‌ی ده‌سه‌ڵاتی له سه‌ر هاوكێشه واقعییه‌كان بینا كرد و به‌م شێوه‌یه بۆ ده‌سه‌ڵات، راگرتنی هێز بوو به خاڵی سه‌ره‌كی و ئیتر هه‌موو كرده‌یه‌ك بۆ ده‌سه‌ڵاتدار له‌م پێناوه‌دا بوو به شیاو. هۆبز فیلسوفی ئینگلیزی "تاك"ی كرد به بنه‌مای جڤاك و به دانانی كۆمه‌ڵگه له پله‌ی دووه‌مدا، كۆمه‌ڵگه‌ی كرد به دیارده‌یه‌ك كه به‌هۆی په‌یمان كۆمه‌ڵایه‌تی ناو مرۆڤه‌كانه‌وه پێك هاتووه.
به‌گوێره‌ی ئه‌م بۆچوونه، هیچ ستراكتۆرێكی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ده‌ر نییه له خواست و ئیراده‌ی مرۆڤ. ئه‌م بۆچوونه دواتر له‌لایه‌ن كه‌سانی وه‌ك "جان لۆك" و "جان جاك رۆسۆ"وه به هه‌ندێك جیاوازی، پێداگیری له‌سه‌ر كرا و به‌م شێوه‌یه كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وروپایی له‌سه‌ر بنه‌ما لیبراڵییه‌كانی وه‌ك ئازادی، به‌رابه‌ریی ئینسان (به‌رامبه‌ر به یاسا)، سڕینه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی شوێنه پیرۆزه‌كان، تۆلێڕانس له به‌رامبه‌ر ئاین، دامه‌زرا. له‌وكاته‌وه به ده‌رهاویشتنی رۆڵی سه‌ره‌كیی ئاین له‌ناو ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه سه‌ره‌كییه‌كانی كۆمه‌ڵگه، ئه‌وروپا به گشتی پێی نایه قۆناغێكه‌وه كه تێیدا ئیتر زانسته مرۆییه‌كان و ئه‌قل باڵاده‌ست بوون (بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بڕوانه پێداگریی كانت له‌سه‌ر ئه‌قڵ وه‌ك تاكه سه‌رچاوه‌ی خودموختاری و سه‌لماندنی تاك و ئامرازی تاك بۆ دیاریكردنی شوێنی خۆی)، هه‌تا ئێسته‌یش ئه‌م باڵاده‌ستییه‌یان پاراستووه. كۆمه‌ڵگه‌ی مودێرن، له‌و كاته‌وه بوو به ناسنامه‌ی سه‌ره‌كیی ئه‌م به‌شه له دنیا.
دواتر له سه‌ده‌كانی پاش ئه‌مه‌دا له پاڵ ئه‌م گۆڕانكارییه‌دا، هه‌ندێ ئاڵوگۆڕی تر پێك هات كه كولتووری ئه‌م وڵاتانه‌ی دووچاری تایبه‌تمه‌ندیی تر كرد. بۆ وێنه به سه‌رهه‌ڵدانی باڵی چه‌پ له سیاسه‌ت، بیر و ئایدیۆلۆجیادا كه به‌گشتی خۆی له بزووتنه‌وه كرێكارییه‌كان، فیمینیسته‌كان، سه‌ندیكاكان و بیرمه‌ندانی چه‌پی وه‌ك ماركس، ئه‌نگڵز (له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا) و بیرمه‌ندانی قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت (كه هابرماس دوا كه‌سیانه و هێشتا له ژیاندایه)، كولتووری ئه‌ورووپایی باڵێكی تری له خۆیدا ئه‌زموون كرد كه به گشتی ئه‌م كولتووره‌ی خسته دۆخێكی تره‌وه كه تێیدا باڵی چه‌پ (به هه‌موو لایه‌نه‌كانییه‌وه، به تایبه‌ت سۆسیال دیمۆكراته‌كان) ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ی رۆژئاوایان گه‌یانده شوێنێكی تر.
كاریگه‌ریی ئه‌م باڵه له ئاستێكدا بوو ره‌وتێكی نوێ له ناو لیبراڵه‌كاندا سه‌ری هه‌ڵدا كه به "سوسیال لیبراڵه‌كان" هاتنه ناسین. ئه‌م ره‌وته واته سۆسیال لیبراڵه‌كان، به ماڵئاواییكردن له بیری لیبراڵیزمی كلاسیك كه ته‌نیا گرنگی به تاك و بازاڕ ده‌دا، به وه‌رگرتنی هه‌ندێ به‌رپرسیاره‌تیی كۆمه‌ڵایه‌تی و گونجاندنی له بیر و پرۆگرامه‌كانیاندا، لایه‌نی گشتی یان كۆلێكتیڤیی كولتووری مودێرنی رۆژئاوایان به هێزتر كرد، به‌م شێوه‌یه هه‌تا ئێسته ژیان و كولتووری رۆژئاوایی به‌رهه‌می كارتێكه‌ریی، ململانێ و هاوكاریی ئه‌م دوو لایه‌نه‌یه له هه‌موو بواره‌كاندا، واته لایه‌نی تاكگه‌را (ئیندیڤاڵ) و لایه‌نی گشتی (كۆلێكتیڤ). چالاكبوونی ئه‌م دوو ره‌وته، له راستیدا رێگه سه‌ره‌كییه‌كانی به‌ره‌وه‌پێشچوونی جڤاكی رۆژئاوایی تا هه‌نووكه‌یش ده‌ستنیشان ده‌كا.
ئێران وه‌ك نموونه:
له هه‌ڵسه‌نگاندن له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌دا ئه‌گه‌ر چاوێك بۆ وێنه به‌سه‌ر وڵاتێكی وه‌ك ئێران‌دا بگێڕین، ده‌بینین ره‌وتێكی وا هێشتا جێگیر نه‌بووه. واته له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێران‌دا به‌ده‌ر له نه‌بوونی گۆڕانی ریشه‌یی له بنه‌ما كولتوورییه‌كان، هێشتا نه له به‌ها ئاینییه‌كان (له‌باره‌ی ده‌سه‌ڵات) ماڵئاوایی كراوه و (غه‌یبه‌ت و نه‌بوونی سكۆلاریزاسیون)، نه هێشتا دوو لایه‌نی لیبڕاڵ و چه‌پ تێیدا رۆڵ ده‌گێڕن. دۆخێكی وا زیاتر له دۆخی پێش مودێرن ده‌كات. ئه‌مه له كاتێكدایه له باری سیسته‌می مادییه‌وه ئه‌م وڵاته تا ئاستێكی باش له شارستانییه‌تی رۆژئاوا نزیك بووه‌ته‌وه. شێوه‌ی شاره‌كان، ئامرازی به‌رهه‌مهێنان و سیسته‌می قوتابخانه نموونه‌ی ئه‌م لێكچوونانه‌ن.
پرسیار
به‌ڵام ئه‌م جیاوازییه چیمان پێ ده‌ڵێ؟ ئایا مێژوو یه‌ك چاره‌نووسی بۆ هه‌موو وڵاتان دیاری كردووه، یان ده‌كرێ له‌م جۆره وڵاتانه چاره‌نووسێكی تر حاكم بێت؟
ئۆریه‌نتالیسته‌كان ئه‌م یه‌ك چاره‌نووسییه‌یان دایه به‌ر ره‌خنه و له‌سه‌ر هه‌ندێ لایه‌نی تری شارستانییه‌تی رۆژئاوایی په‌رده‌یان هه‌ڵدایه‌وه (وه‌ك كۆڵۆنیالیزم) كه ئه‌م یه‌ك ره‌هه‌ندی بوونه بۆ وڵاتانی تر له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یهێنێ و دۆخی وڵاتانی تر دژوارتر ده‌كات. له راستیدا كێشه‌ی كۆڵۆنیالیزم و ئیمپریالیزم تا ئێسته گه‌وره‌ترین چه‌كه‌كانی ده‌ستی دژبه‌رانی كولتووری رۆژئاوایین. ئه‌مان به به‌رجه‌سته كردنه‌وه‌ی كۆڵۆنیالیزم و ئیمپریالیزم ده‌یانه‌وێ بڵێن كولتووری رۆژئاوا هه‌ر هه‌مووی زیانبه‌خشه و نابێ كه‌ڵكی لێ وه‌ربگیرێ. ئێمه‌یش ده‌بێ لێره‌دا دان به راستیی كۆڵۆنیالیزم و ئیمپریالیزمدا بنێین، به‌ڵام و هاوكات نابێ ئه‌وه‌مان بیر بچێ كه ئه‌مانه ته‌نیا به‌شێك له كولتووری رۆژئاوایین. بۆ وێنه كه‌ڵك وه‌رگرتنی ئه‌م وڵاتانه له ده‌ستكه‌وته مادییه‌كانی رۆژئاوا به جوانی لایه‌نه ئه‌رێنییه‌كانیشمان بۆ ده‌رده‌خه‌ن.
وه‌ك ده‌ڵێن ره‌وتی به‌ره‌وه‌پێشچوونی هه‌ر وڵاتێك له لۆجیكی خۆی به‌هره‌مه‌نده. واته مه‌رج نییه هه‌موو وڵاتان به‌و ره‌وته‌دا بڕۆن كه رۆژئاوا پێیدا رۆیشت. به‌ڵام له پشت ئه‌م بۆچوونه، ئه‌م روانگه ترسناكه خۆی حه‌شار داوه كه ئیتر به‌م پێیه ره‌نگه ئێمه پێویستمان به مافه سه‌ره‌تایییه‌كانی وه‌ك ئازادی و دیموكراسی و تۆلێڕانس نه‌بێت، ئه‌مه خۆی له خۆیدا ده‌بێته به‌رهه‌مهێنه‌ری سیسته‌مێكی نائازاد و كۆیلانه (درێژه‌ی هه‌مان سیسته‌می باو). كه‌واته ئه‌گه‌ر قسه له‌سه‌ر لۆجیكی تایبه‌ت به هه‌ر وڵاتێكه، مه‌به‌ست چۆنیه‌تیی گه‌یشتن به‌م سیسته‌مه مودێرنه‌یه، نه‌ك سڕینه‌وه‌ی مۆدێرنه یا ناوه‌ڕۆكی مودێرنه له بواره‌كانی ئازادی، ماڤی مرۆڤ و دیموكراسی.
له راستیدا دوو رواڵه‌تی دژبه‌یه‌كی رۆژئاوا له به‌رامبه‌ر وڵاتانی دواكه‌وتوو یان روو له گه‌شه، ئه‌ركه‌كه قورس‌تر ده‌كا و ئه‌م پرسیاره دێنێته پێش كه چۆن ده‌كرێ له عه‌ینی باڵاده‌ستیی و سه‌روه‌ری ئه‌وان له دنیادا، وه‌ها سیسته‌مێك چێ بكرێ كه ته‌نیا به قازانجی ئه‌وان واته رۆژئاوا ته‌واو نه‌بێ؟ پرسیارێكی گه‌لێك گران!
ئاكام:
ره‌نگه تێڕوانینی سیسته‌می ئه‌وروپایی له وڵاتانی وه‌ك ئێران‌دا تێڕوانینێكی دژوار بێت. چونكه چێكردنی ئه‌م سیسته‌مه پێوه‌ندیی به گۆڕان له هه‌موو بواره‌كاندا هه‌یه، به تایبه‌ت له بواره كولتوورییه‌كاندا، ئه‌مه‌یش پێویستیی به زه‌مه‌نێكی فراوان هه‌یه. هه‌روه‌ها كاتێك دێته سه‌ر كاردانه‌وه‌ی ئه‌م گۆڕانه كولتوورییه له‌سه‌ر سیاسه‌ت، تێڕوانینه‌كه دژوارتر ده‌بێت، چونكه له نه‌بوونی كولتووری مۆدێرن، خه‌ونی سه‌رهه‌ڵدانی دوو باڵی به گشتی لیبراڵ و چه‌پ (له مانای پێویستی خۆیاندا) كه ده‌توانن به ئه‌ركی خۆیان له‌مه‌ڕ چێكردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خۆشگوزه‌ران و پێشكه‌وتوودا هه‌ستن، یه‌كجار ئه‌سته‌م ده‌بێ.
له خۆوه نییه له‌م جۆره وڵاتانه‌دا یان سیسته‌می دیكتاتۆری هه‌یه یان ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه به جۆرێكیش كرایه‌وه، ئه‌وا هه‌ندێ حزب و لایه‌نی سیاسی دێنه گۆڕێ كه له رووی چۆنایه‌تییه‌وه یه‌كجار له‌گه‌ڵ ئه‌حزابی مودێرنی شێوه ئه‌وروپایی جیاوازن. ئه‌مه یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌یه كه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی حزب، به‌ڵام گۆڕانێكی ئه‌وتۆ روو نه‌دات. گرفت له ناڕوونیی دوو ره‌وتی به گشتی لیبڕاڵ و چه‌پ یاخۆ غه‌یبه‌تی ئه‌وان له شانۆی سیاسی له‌م وڵاتانه‌دا ده‌بێته هۆی ناڕوونی، یا روونه‌دانی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه ده‌توانن ئاستی كۆمه‌ڵگه به‌ره‌و شوێنێكی تر هه‌ڵكێشن.