ئەگەر پشتیوانی حکوومەت نین دژیشی مەبن

PM:02:22:11/04/2024 ‌
لە جووڵە سیاسییەکانی  مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و رێککەوتنی ئەم دواییەی لەگەڵ بەغدا، هاوکات بە پێداگریی لەسەر مافە دەستوورییەکانی کوردستان و بردنەوە و سەرکەوتنی بەسەر دۆسییە ئاڵۆز و کۆسپەکاندا، بۆمان دەردەکەوێ کە هەرکات گوتاری کوردایەتیی بەهێز و تۆکمە بێ، مافەکان بەدەست دێن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پشتیوانیمان دەکات، ئەمەیش وەک ئەم بەرەجەژنانە ئارامی و خۆشحاڵی بەدوادا دێ.

دەرکەوت کوردستان بەبێ ماڵی بارزان، بێکەس و بێ پشتیوانە و حزبەکان هەموو بەدوای بەرژەوەندی تایبەتەوەن و لەپێناو خۆیاندا ئامادەن هەموو بەهاکان پێشێل بکەن هەتا ئەگەر کوردستانیش لەناو دەچێت، بەڵام دیسان مێژوو ئەوەی سەلماندەوە کە پارتی تاکە حزبە کە بێ ملدان بۆ گوشارەکان بەرگری لە دۆزی نەتەوەکە دەکات و بەهۆی رەوایی پرسی کورد، نەیارانیش کۆڵ دەدەن.

دەرکەوت هەموو حزبەکان لە تەنگانەدا گوتاریان روون نییە و زیادەن و مێژووی نەتەوەکەیش بچووک دەکەنەوە بۆ بەرژەوەندی کەسی و کەسابەت و رکابەری ناو سۆشیال میدیا، تەنیا پارتییە خاوەندارێتی کوردستان و دۆزە رەواکەی دەکات، هەربۆیە حزبی دایکە.

دەرکەوت سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پیاوێکی ده‌وڵه‌تیی و ‌ کاریزمی و خۆڕاگرە، خودا و خەڵکی لەپشتە، هەر ئەوەیشە وا دەکات چۆک بە هەموو ناحەز و نەیارێک دادات، بۆیە حەق نییە چیتر یاریی لەگەڵ حزبی دایک و خاوەن بکەن، ئێستەیش نەچووە بچێ، خەنجەری ناوخۆ و دوژمنانی دەرەکی بخەنە لاوە و بێنەوە ریزی کوردایەتیی و حکوومەت بەهێز بکەن، چونکە کابینەی نۆ باشترین کابینەیە و خەریکی بنیاتنانی داهاتووە و خزمەتکاری راستەقینەی خەڵکیشە بۆیە دەتوانێ‌ لە هەفتەیەکدا دوو موچە بدات و هەموو ئەو بۆمبانە پووچەڵ بکاتەوە کە دەیانگوت پارەش هەبێ مووچە نادرێ.

لەمەوبەدوا هەرچی کەناڵ و حزب و دوکانە سیاسی و کەسایەتییەکانی سۆشیال میدیان کە رەواجی خۆیان لەسەر ئازاردانی خەڵک پەیدا دەکەن، ئەوە چ بیرکردنەوە و سیاسەتێکە کە میلەتی خۆت بکەی بە کاڵای میدیایی و هەراسانی بکەی تەنیا بۆ ئەوەی دژی حکوومەتەکەت دەرکەوی، ئەوە کێشەی مووچە چارەسەر بوو، دەتوانین بڵێین بچنەوە بۆ ماڵ و سەرۆکی حکوومەتەکە خۆی بەرگریی لە میلەت و مافەکانی دەکات، ئێوە تەنیا کۆسپ دروست مەکەن، ئەگینا کەس داوای پشتیوانیتان لێ ناکات.