شەش هەزار بازرگان و بەكارهێنەری مادەی هۆشبەر لە عێراقدا گیران

:: AM:10:06:26/06/2024 ‌
10 تۆن مادەی هۆشبەر تەنیا لە پێنج مانگی ئەمساڵدا دەستی بەسەردا گیراوە، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری مادەی هۆشبەر دەڵێت، شەش هەزار بازرگان و بەكارهێنەری مادەی هۆشبەریش گیراون.
 
 حوسێن یوسف تەمیمی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری مادەی هۆشبەر لە عێراق، بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، لە پێنج مانگی ئەمساڵدا 10 تۆن مادەی هۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە كە لە جۆرەكانی مادەی هۆشبەر و كارتێكەری عەقڵین.
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری مادەی هۆشبەر گوتی، شەش هەزار بازرگان و بەكارهێنەری مادەی هۆشبەر گیراون، لەو ژمارەیەش سزا بۆ زیاتر لە دوو هەزاریان دەرچووە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی مادەی هۆشبەری عێراق ئاماژی بەوەش كردووە، 20 تۆڕی نێودەوڵەتی و 204 تۆڕی ناوخۆیی بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر هەڵوەشێنراونەتەوە، 72 بازرگانی نێودەوڵەتیی مادەی هۆشبەر سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، ئەوەش بەگوێرەی مادەی 27ی یاسای مادەی هۆشبەر بە ژمارە 50ی ساڵی 2017، هەروەها 25 بازرگانی مادەی هۆشبەر لە رووبەڕووبوونەوەكاندا كوژراون و بریندار بوون.
 
عێراق بەهۆی هاوسنووری لەگەڵ ئێران، بووەتە مۆڵگەی ساغكردنەوەی زۆرینەی مادە هۆشبەرەكان، ئەمەش وایكردووە داهاتووی گەنجانی ئەو وڵاتە بكەوێتـە مەترسییەوە. زۆرینەی وڵاتان رێوشوێنی زانستی بۆ لەناوبردنی یان كەمكردنەوەی مادەی هۆشبەر دەگرنەبەر، بەڵام بەهۆی نەبوونی پلانێكی زانستی، عێراق تا ئێستە نەیتوانیوە كۆنترۆڵی ئەو كێشە گەورەیە بكات.



وشە - سۆران عەزیز