سعوودیە داوا لە هاووڵاتییانی دەكات بەپەلە لبنان جێبێڵن

:: PM:08:51:29/06/2024 ‌

لەناو بوونی ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێكی گەورە لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لبنانیدا، بۆ گوشاركردن لەسەر حزبوڵا بۆ رێككەوتن و رێگرتن لە هێرشێكی لەناكاوی ئیسرائیل بۆ سەر لبنان، باڵوێزخانەی سعوودیە لە لبنان داوا لە هاووڵاتییانی سعوودیە دەكات بەپەلە لبنانن جێبێڵن.

بەمدواییە هەریەك لە مەكدۆنیا و كەنەدا و ئەڵمانیا و كوێت و ئوردن داوایان لە هاووڵاتییانیان كرد گەشت بۆ لبنان نەكەن و ئەوانەشی لەوێن وریا بن و بگەڕێنەوە، كەنەدا خۆی بۆ هێنانەوەی 20 هەزار هاووڵاتیی خۆی ئامادە دەكات، هەریەك لە ئەمەریكا و رووسیا و فڕەنسا وریاییان لە خراپیی دۆخەكە داوە، ئەمەریكا داوای لە هاووڵاتییانی كردووە كە وریا بن.

ئەمڕۆ باڵوێزخانەی سعوودیە لە لبنان لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە لە نزیكەوە چاودێریی پەرەسەندنی دۆخەكە لە باشووری لبنان دەكەن، دووپات لە بانگەشەكردنی هاووڵاتییانی سعوودیە دەكا بۆ پابەندی بە بڕیاری قەدەغەی گەشتكردن بۆ لبنان.

هاوكات باڵوێزخانەكە داوا لە هاووڵاتییانی سعوودیە لەو وڵاتە دەكات بۆ جێهێشتنی بەپەلە و راستەوخۆی ئەو وڵاتە، لەگەڵ پێویستیی بوونی پێوەندی هاووڵاتییان لەگەڵ باڵوێزخانەكە لە حاڵەتی هەر رووداوێكی لەناكاودا.

دوای شكستهێنانی هەموو پلان و هەوڵەكانی وەستانی شەڕی غەزە و بەردەوامیی ئاڵۆزییەكانی سەر سنووری لبنان و ئیسرائیل، تا دێ ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی راستەوخۆی نێوان حزبوڵا و ئیسرائیل زیاتر دەبێت، ئەمڕۆ نەجیب میقاتی، سەرۆكی حكوومەتی كاربەڕێكەری لبنان گوتی، ئەو هەڕەشانەی گوێبیستیان دەبین، بەشێكن لە شەڕی دەروونی، بەڵێ وەك لبنان لە حاڵەتی شەڕداین و بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە ژمارەیەكی زۆری كوژراو هەیە و چەندان گوند وێران بوونە.      



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل