ئەمەریكا فایەق زێدانی وەك خزمەتكاری بەرژەوەندییەكانی ئێران ناساند

:: AM:09:59:30/06/2024 ‌
دوای ئەوەی نوێنەرێكی پارتی كۆمارییەكانی ئەمەریكا ڕەشنووسی پڕۆژەیاسایەكی پێشكەش كردووە، فایەق زێدانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقی تۆمەتبار كردووە بە "خزمەتكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران". وەزارەتی دەرەوەی عێراق، سەركۆنەی ئەو كارەی كرد. 

ڕۆژنامەی "بیكۆن فریی" بڵاوی كردەوە، مایك واڵتز ئەندامی لیژنەكانی هێزە چەكدارەكان و كاروباری دەرەوە، پڕۆژەیاسایەكی پێشكەش كردووە لەسەر ئەو كەسانەی بۆ بەرژەوەندییەكانی ئێران كار دەكەن، لەناو ئەو كەسانەشدا ناوی دادوەر فایەق زێدان هاتووە.

ئەم كارە نیگەرانیی حكوومەتی عێراقی لێ كەوتەوە و وەزارەتی دەرەوەی ڕای گەیاند، لێدوانەكانی واڵتز دژی سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری فایەق زێدان، "دەستوەردانێكی ئاشكرایە لە كاروباری عێراقدا".

ئەم نیگەرانییە تەنیا لە ئاستی حكوومەتی عێراقدا نەمایەوە و لەمبارەیەوە موحسین مەندەلاوی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران بە وەكالەت دەڵێت، "پڕۆژەكەی واڵتز كاریگەریی لەسەر سەرۆكی دادوەری هەیە و پێشینەیەكی مەترسیدارە و بۆ داهاتوو عێراق قەیراناوییە".

هێزە سیاسییەكانی عێراق مەترسییان هەیە ئەو جۆرە پڕۆژەیاسانە ببنە یاسا و ئەمەریكا ناچار بێت كاری پێ بكات، ئەوەش دەبێتە هۆی شكاندنی هەیبەتی عێراق و گۆشەگیركردنی حكوومەتەكەی.



وشە - سۆران عەزیز