بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ هەسەدە، فەرماندەی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا چوونە ڕۆژئاوای كوردستان و لەگەڵ بەرپرسان كۆ بوونەوە و دواتریش سەردانی سووریایان كرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم)، دوێنێ پێنجشەم، 16ی كانوونی دووەم، جەنەڕاڵ مایکل کۆرێلا، فەرماندەی هێزەكانیان سەردانی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریای کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی هێزەکانی سووریا دیموکرات (هەسەدە) و فەرماندەکانی ئەمەریکا کۆ بووەتەوە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە نوێترین پێشهاتەکانی ناوچەکە و ڕێگری لە خۆرێکخستنەوەی داعش و بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕێکخراوە کردووە و مایکل کۆرێلا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا سەردانی کەمپەکانی ڕۆژ و هۆڵ کردووە کە زیاتر لە 40 هەزار ئاوارەی تێدایە کە زۆربەیان پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە.
لە ڕاگەیاندراوەكەی سێنتكۆم باس لەوەش كراوە كە هەسەدە پارێزگاری لە چەند گرتووخانەیەك دەکات کە زیاتر لە نۆ هەزار چەکداری داعشی تێدا گیراون.