ترەمپ: ئاهەنگی سوێندخواردنەكەم دەبەینە ژوورەوە

:: PM:09:30:17/01/2025 ‌

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا كە بڕیارە 20ی ئەم مانگە لە ڕێوڕەسمێكدا سوێند بخوات، ڕای گەیاند كە ئاهەنگەكە دەبەنە ناو كۆنگرێستەوە، هۆكارەكەش سەرمایە.

ئەمڕۆ هەینی، 17ی كانوونی دووەم، ترەمپ لە پلاتفۆڕمەكەی خۆیدا (تروس) بڵاوی كردەوە كە ڕەشەبایەتی بەستەڵەكیی گەورە ڕووی لە وڵات كردووە، ئەمەش وا دەكات ڕێوڕەسمەكە لە هۆڵی كابیتۆڵ بكرێت، نەوەك لە دەرەوە وەك سەرۆكەكانی تری ئەمەریكا.

جێی ئاماژەیە، پێشتریش ساڵی 1985 دۆناڵد ڕیگەن، ڕێوڕەسمی سوێندخواردنەكەی بردبووە هەمان ئەو هۆڵەوە.

پێشبی دەكرێت ڕۆژی 20ی مانگ، پلەی گەرما لە شاری واشنتن زۆر دابەزێت كە ئەمەش بۆ میوانەكان دەبێتە هۆی ناڕەحەتی. هەڵبەت ڕەنگە هۆكاری تەناهی لە پشتەوە هەبێت و نەیانەوێت زەقی بكەنەوە، وێڕای ئەوەی زیاتر لە 25 هەزار پاسەوان و هەشت هەزار سەربازی پاسەوانی نیشتمانی لەو ڕۆژەدا بە كۆڵانەكانی واشنتندا دەڕژێن.


وشە - تایبه‌ت