هاووڵاتییان باس له‌وه ده‌كه‌ن، كابینه‌ی نۆ زۆرترین ئاسانكاریی بۆ كردوون و هه‌وڵی داوه ئه‌ركی سه‌رشانیان سووك بكات و چه‌ندان بڕیاری گرنگیشی ده‌ركردووه، هه‌ر له لێخۆشبوونی به‌شێكی قه‌رزه‌كانی ئاو و كاره‌با و هاتوچۆ و هه‌رزانكردنی نان و راگرتنی قه‌رزه‌كانی هاوسه‌رگیری و نیشته‌جێبوون، هه‌روه‌ها دواین بڕیاریشی هه‌رزانكردنی نان بوو به پاڵپشتیی نانه‌وا و سه‌موونخانه‌كان.
له ماوه‌ی رابردوودا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندان جار لێخۆشبوونی بۆ قه‌رزه‌كانی ئاو و كاره‌با و هاتوچۆ ده‌ركردووه، ئه‌مجاره‌ش به لێخۆشبوونی 20%ی ئه‌وانه‌ی سوودمه‌ند بوون له قه‌رزی بچووك، خزمه‌تێكی زیاتری به هاووڵاتییان كرد، مانگی شوباتی ئه‌مساڵیش ئه‌وانه‌ی كه قه‌رزی كشتوكاڵیان لابوو كه‌سوكاری شه‌هیدانی داعش، به‌ته‌واوی لێخۆش‌بوونیان بۆ كرا و قه‌رزه‌كانیان لێ وه‌رنه‌گیرایه‌وه.
به‌پێی ئامارێك كه ده‌ستی "وشه" كه‌وتووه، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له هه‌رێمی كوردستان سه‌رووی 600 ملیار دینار پاره‌ی ئاو لای هاووڵاتییان و هاوبه‌شه‌كانی ئاوه، به‌شێكی هاووڵاتییان، به‌شێكی هاوبه‌شه حكوومییه‌كان، به‌شێكی بازرگانی و كشتوكاڵ و جۆره‌كانی تر، ئه‌وه‌ش بڕێكی زۆره و كه‌رتی ئاویش به‌رده‌وام پێویستی به خه‌رجی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئاوی خواردنه‌وه بگاته ده‌ستی هاووڵاتییان.
سه‌لام عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی راپه‌ڕین، به "وشه"ی راگه‌یاند، بڕیاره‌كانی حكوومه‌ت بۆ لێخۆشبوونی به‌شێكی قه‌رزی ئاو له به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتییانه، كاتێك ئه‌و بڕیارانه ده‌درێن به هه‌زاران كه‌س له سنووره‌كه سوودمه‌ند ده‌بن و به‌هۆیه‌وه به‌شێكی پاره‌كه‌یان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له‌سه‌ریان كه‌ڵه‌كه بووه، هاووڵاتی هه‌یه به پێنج رۆژ نۆره‌ی گرتووه تا قه‌رزه‌كه‌ی بداته‌وه و به‌شێك له‌و پاره‌یه‌ی بۆ بگه‌ڕێته‌وه.
ئه‌و گوتی، راسته بڕیاره‌كه بۆ سووككردنی ئه‌ركی سه‌رشانی هاووڵاتییانه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داهاتێكی باش بۆ حكوومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه.
رابه‌ر میرزا شاره‌زای ئابووری، به "وشه"ی راگه‌یاند، ئه‌و بڕیاره‌ی حكوومه‌ت بۆ لێخۆشبوونی به‌شێكی پاره‌ی ئاو و كاره‌با و هاتوچۆ، خزمه‌تێكی گه‌وره بوو به هاووڵاتییان كرا و به‌هۆیه‌وه باری سه‌رشانی هاووڵاتییانی سووك كرد و خه‌ڵك به‌شێكی پاره‌ی بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه، كاتێك 20%ی لێخۆشبوونی بۆ بكرێت پاره‌یه‌كی كه‌متر ده‌دات، حكوومه‌تیش له‌پاڵ ئه‌وه داهاتێكی زۆری بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه كه دووباره بۆ خزمه‌تی خه‌ڵك به‌كاری ده‌هێنێته‌وه.
له هه‌رێمی كوردستان، قه‌رزی كاره‌با له‌سه‌ر هاووڵاتییان له سه‌رووی تریلیۆنێكه‌وه‌یه
له هه‌رێمی كوردستان، قه‌رزی كاره‌با له‌سه‌ر هاووڵاتییان له سه‌رووی تریلیۆنێكه‌وه‌یه و به‌هۆیه‌وه بارگرانی له‌سه‌ر كه‌رتی كاره‌با دروست بووه، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندان جار كارئاسانی بۆ خه‌ڵك كردووه و بڕیاری لێخۆشبوونی داوه، رۆژی رابردووش بڕیاری لێخۆشبوونی 20%ی قه‌رزی كاره‌بای بۆ 31ی ته‌مووز درێژ كرده‌وه، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه زۆرترین خه‌ڵك سوودمه‌ند بن.
كاروان جه‌میل هاووڵاتی، به "وشه"ی راگه‌یاند، مانگی رابردوو پاره‌ی ئاو و كاره‌با هاته به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی، كارمه‌نده‌كان پێیان گوتووه ئه‌گه‌ر پاره‌كه بدات راسته‌وخۆ داشكاندن و لێخۆشبوونی بۆ ده‌كرێت، به‌هۆیه‌وه بڕێك پاره‌ی بۆ گه‌ڕایه‌وه كه بۆ هه‌ریه‌كێكیان 20%ی لێخۆشبوو‌ن بوو، ئه‌مه شتێكی زۆرباشه و خزمه‌ته.
لێخۆشبوونی به‌شێك له قه‌رزه‌كانی پاره‌ی ئاو بۆ هاووڵاتییان زۆر گرنكه و رۆژانه له هه‌موو ناوچه‌كانه‌وه خه‌ڵكێكی زۆر نۆره ده‌گرن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و لێخۆشبوونه سوودمه‌ند بن و تا ئێسته لێخۆشبوو‌ن بۆ هه‌زاران كه‌س كراوه، به ملیار دیناریش لێخۆشبوو‌ن كراوه بۆ خه‌ڵك و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پاره‌یه‌كی زۆر گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ خه‌زێنه‌ی حكوومه‌ت.
وشه/ تایبه‌ت