بۆ چارەسەری مووچەی هێزە تەناهییەكان شاندێكی هەرێمی كوردستان لە بەغدایە

:: AM:08:52:01/07/2024 ‌
شەوی رابردوو وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، شاندی هەرێمی كوردستان گەیشتنە بەغدا، وەزیری ناوخۆش دەڵێت، لە پرسی بودجە و مووچە لەگەڵ حكوومەتی عێراقی گەیشتوونەتە لێكنزیكبوونەوەی زۆر.

ئەمڕۆ دووشەم یەكی تەمووز، بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا دەست پێ‌ دەكات.

شاندەكە پێكهاتووە لە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ و چەند بەرپرسێكی یاوەریان.

بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئامانج لە سەردانەكە گفتوگۆكردنە لەسەر كێشە و گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە بواری گومرگ و دەروازە سنوورییەكان.

چوونی شاندەكە بۆ چارەسەری كێشەی مووچەی هێزە تەناهییەكانە و لەگەڵ تیمی حكوومەتی عێراق كۆ دەبنەوە ئەو بابەتەش باس دەكرێت، تیمەكەی حكوومەتی فیدراڵ پێكدێت لە محەمەد تەمیمی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری پلاندانانی عێراق، بەنگین ڕێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و چەند بەرپرسێكی تر.

دوێنێ‌ ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، لە پرسی بودجە و مووچە لەگەڵ حكوومەتی عێراقی گەیشتوونەتە لێكنزیكبوونەوەی زۆر، ئەوەی ماوەتەوە پرسی جێبەجێكردنی مادەی 140 و هەناردەكردنەوەی نەوتە.


وشە - رامیار جەواد