كوردستان ئامادەكاری بۆ ساڵی داهاتووی چاندنی گەنم دەكات

:: AM:08:55:01/07/2024 ‌
وەزیری كشتوكاڵ رای گەیاند، بڕیار درا بە كڕینەوەی بنەتۆی گەنمی جووتیاران لەلایەن دوو كۆمپانیاوە و دوو جۆریش هەیە.

ئەمڕۆ دووشەم یەكی تەمووز، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاودا هاتووە، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی هەرێم، بەمەبەستی كڕینەوە و دابینكردنی بنەتۆی گەنم بۆ وەرزی داهاتووی جووتیارانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ لیژنەی باڵای بنەتۆ كۆ بوونەتەوە.

باس لەوەش كراوە، بڕیار درا بە كڕینەوەی بنەتۆی گەنمی جووتیاران لە لایەن دوو كۆمپانیاوە، بە نرخی 860 هەزار دینار بۆ پلەی باوەڕپێكراو و 885 هەزار دینار بۆ پلەی تۆماركراو بۆ هەر تۆنێك.

هەرێمی كوردستان لە بەرهەمهێنانی گەنم ئێستە ئاستی خۆ بژێوی تێپەڕاندووە و بەرهەمی ئەمساڵی گەنمی جووتیاران زیاتر لە ملیۆنێك و نیو تۆن بوو.

بەهۆی ئەو پاڵپشتییەی كابینەی نۆ دەیكات بۆ كەرتی كشتوكاڵ، ئێستە كشتوكاڵی‌ كوردستان لە چەندان جۆر بەرهەم گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی.


وشە - رامیار جەواد