ناوی ئەو كەسانە بڵاو كرایەوە كە بازاڕەكانی هەولێریان سووتاند

:: PM:12:38:01/07/2024 ‌
سەرۆكی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بڵاوی كردەوە، لە ئەنجامی لیكۆڵینەوەكان لە ئاگركەوتنەوە و سووتانی بازاڕەكانی لەنگە و قەیسەریی هەولێر و بازاڕی چەلێی دهۆك، بكەران دۆزرانەوە. 

ئەمڕۆ دووشەم یەكی تەمووز، هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی لە بەغدا ڕای گەیاند، لیكۆڵینەوەكان لە ئاگركەوتنەوە و سووتانی بازاڕەكانی لەنگە و قەیسەریی هەولێر و بازاڕی چەلێی دهۆك كران. 

باسی لەوەش كرد، ئەوەی ماوەیەكە بووەتە جێی پرسیار لە هۆكارەكانی ئاگركەوتنەوە و سووتانی بازاڕەكانی هەولێر و دهۆك و كەركووك و چەند ناوچەیەكی تر، پرۆسەی لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكان و گرتنی تۆمەتبارەكان بە هاوبەشی لە نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو، كە ڕاستەوخۆ لەلایەن محەمەد شیاع سوودانی و مەسرور بارزانی، چاودێریی هەنگاوەكانی لێكۆڵینەوەكان دەكرا، پاشان وەزیرانی ناوخۆی عێراق و هەرێمی كوردستان سەرپەرشتیی وردی لێكوڵینەوەكان و گەیشتن بە دەرەنجامەكانیان كرد، بۆیە ئەوەی دەخرێتەڕوو، ئەنجامی كارێكی هاوبەشی هەردوو حكوومەتە. 

باسی لەوەش كرد، دوای لێكۆڵینەوەیەكی ورد، توانرا دەست بگات بە تۆڕێكی تاوانكاری كە لە ماوەی ڕابردوو زیانێكی زۆریان بە هاووڵاتییانی هەولێر، دهۆك و كەركووك و چەند ناوچەیەكی تر گەیاند. 

روونی كردەوە كە دوای لێكۆڵینەوەیەكی ورد، دەركەوت ئاگركەوتنەوەكان ڕووداوی سروشتی و ئاسایی نەبوون، بەڵكو ئامانجەكەی لێدانە لە ئابووری هاووڵاتییان، تووڕەكردنی خەڵك و بڕینی سەرچاوەی قووتی هاووڵاتییانە، بۆ ئەوەی لەم ڕێیەوە پێوەندییەكانی نێوان هاووڵاتییان حكوومەت تێكبدەن. 

"سێ لەو تاوانبارانەی لێرەن، دووانیان یەكێكیان سەرپەشتیكاری كارەكان بووە ناوی هونەر فەخرەدین ئەحمەدە، كارمەندی یەكەی حەفتایە و ئەوەی تریان ناوی محەمەد نەجات حەسەنە ئەفسەری دژە تیرۆرە لە سلێمانی (CTG)، ئەمانە لەلایەن پەكەكە تەجنید كراون و ڕاهێنەرانی چەكداری پەكەكە لە توركیا، سووریا و قەندیلەوە هاتوون و لە كفری، سلێمانی و سەنگەسەر ڕاهێنانیان پێ كردوون بۆ ئەوەی ئەو كارە تیرۆریستییانە بكەن"، میرانی وای گوت.




وشە - رامیار جەواد