سەعدی پیرە ددانی نا بەوەی ئەو كەسەی قەیسەری هەولێری سووتاندووە لە دژەتیرۆری یەكێتی بووە

:: PM:09:25:01/07/2024 ‌
سەعدی پیرە گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ددانی نا بەوەی كە یەكێك لەو كەسانەی دەستی هەبووە لە سووتاندنی بازاڕەكاندا، لە دژەتیرۆری یەكێتی بووە و هاوكات ئەوەیشی ئاشكرا كرد كە چەند مانگێك پێش ئێستە لەلایەن هەواڵگری عێراقەوە بۆ ئەم مەبەستە پێوەندییان پێوە كراوە.

ئەمڕۆ یەكی تەمووزی 2024، سەعدی پیرە گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ددانی نا بەوەی كە یەكێك لەوانەی دەستی لەو سووتاندنانە هەبووە كە لە بازاڕەكانی كوردستاندا دەكەوتەوە. ئاشكرای كرد، كاتێك گیرا، دەرمانكرد.

پیرە ئەوەیشی گوت، چەند مانگێك پێش ئێستە لەلایەن هەواڵگریی عێراقییەوە پێوەندییان پێوە كراوە و پێیان راگەیاندوون كە یەكێك لە ئەندامانی دژەتیرۆری یەكێتی بەشدار بووە لەو كردەوانە.

جێگەی ئاماژەیە، ئەمڕۆ میقداد میری گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، چەند كەسێكیان بە تۆمەتی سووتاندنی بازاڕە میلییەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان گرتووە كە سەر بە پەكەكەن و باسی لەوەیش كرد كە تۆمەتبارەكان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە لە دیالە و كەركووك گیراون، ئەوانە پەكەكە راهێنانی پێ كردوون.

لای خۆشیەوە هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەكەیدا لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا، روونی كردەوە كە دوای لێكۆڵینەوەیەكی ورد، دەركەوت ئاگركەوتنەوەكان ڕووداوی سروشتی و ئاسایی نەبوون، بەڵكو ئامانجەكەی لێدانە لە ئابووریی هاووڵاتییان، تووڕەكردنی خەڵك و بڕینی سەرچاوەی قووتی هاووڵاتییانە، بۆ ئەوەی لەم ڕێیەوە پێوەندییەكانی نێوان هاووڵاتییان و حكوومەت تێكبدەن. 

"لەو تاوانبارانەی لێرەن، یەكێكیان سەرپەرشتیكاری كارەكان بووە ناوی هونەر فەخرەدین ئەحمەدە، كارمەندی یەكەی حەفتایە و ئەوەی تریان ناوی محەمەد نەجات حەسەنە ئەفسەری دژەتیرۆرە لە سلێمانی (CTG)، ئەمانە لەلایەن پەكەكە تەجنید كراون و ڕاهێنەرانی چەكداری پەكەكە لە توركیا و سووریا و قەندیلەوە هاتوون و لە كفری، سلێمانی و سەنگەسەر ڕاهێنانیان پێ كردوون بۆ ئەوەی ئەو كارە تیرۆریستییانە بكەن"، میرانی وای گوت.


وشە - پۆڵا مەحموود