سەركردەیەكی شیعە: سەرۆک بارزانی هەرگیز لە بڕواكانی پاشگەز نەبووەتەوە و هاتنیشی بۆ بەغدا لەبارەی سەربەخۆیی كوردستانە

:: PM:07:53:04/07/2024 ‌

ئەمینداری گشتیی كەتیبەكانی ئیمامی عەلی كە سەركردەیەكی شیعەی شۆڤێنییە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی "X" سەرنجی خۆی لەبارەی سەردانەكەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا و دیداری لەگەڵ سەركردە شیعە و سونەكان و باڵوێزى وڵاتان خستووەتە روو و دەڵێ، سەرۆک بارزانی كەسێكە بڕوای بە دەوڵەتی كوردییە و هەرگیز بۆ ڕۆژێكیش لە ژیانیدا لەو بڕوایە پاشگەز نەبووەتەوە، هاتنیشی بۆ بەغدا، هەر لەژێر ئەو چوارچێوەیە دایە.

ئەمەی خوارەوە، دەقی نووسینەكەی شبل زەیدی، ئەمینداری گشتیی كەتیبەكانی ئیمامی عەلییە كە ئەمڕۆ پێنجشەم، چواری تەمووز، بڵاوی كردووەتەوە:

لە سەردانەكەی ئەم دواییەیدا بۆ بەغدا، حكوومەتی عێراق و هێزە سیاسییەكان، بە دەوری سەركردەی گەورەی كورد كاک مەسعوود بارزانی كۆ بوونەوە، ئەو پیاوەی كە ڕوونترین و ڕاستگۆترین وتار و جێبەجێكردنی هەیە، ئەو كەسێكە بڕوای بە پێویستیی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان هەیە، وەك چۆن لەوەتەی ڕژێمی ڕابردوو ڕووخاوە، هەتا ئەمڕۆ، بۆ یەك ساتیش لە بەرانبەر هەڵوێستێكی خۆی پاشگەز نەبووەتەوە و بەرنامەی نەگۆڕیوە، پێوەندیشی بە بەغداوە، تەنیا بۆ بەهێزكردنی ئەو پرۆژەیەیەتی لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق، ئەگەر ڕۆژێكیش تەنازول لە داوای دەوڵەتی كوردستانی گەورە بكات، تەنیا بۆ كۆنفیدراڵی دەیكات نەوەک كەمتر. ناكۆكییەكانی ناوەند و ململانێ و پاشقوولەكانیان لە یەكتری و نەبوونی هیچ پرۆژەیەكی نیشتمانی و دۆخی خراپی ناوچەكە و نێودەوڵەتی، هەموو ئەمانە وایان كردووە كاک مەسعوود لە داواكەی بەهێزتر بێت و ڕێگەیان بۆ ئاسان كردووە.

ئەوەی لەسەر ئەو پیاوە هەموومان دەیزانین ئەوەیە، ڕقی لە درۆیە و لە بەڵێنەكانی پاشگەز نابێتەوە، ئەمەش تایبەتمەندییەكە، زۆربەی سەركردە سیاسییەكانی ئێمە تێیاندا نییە. ئەو پیاوێكە، ئەو شتەی دەیەوێت خۆی بۆ ئامادە دەكات و كەسێكی خاوەن پرۆژەی نیشتمانییە. كێشەی بەغدا لەوەدایە، كەس خاوەنی پرۆژەی نیشتمانی نییە و هەموو خەریكی ململانێن لەسەر كورسی و بەرژەوەندی و هیچ بنەمایەكی جێگریان نییە، ئەمەش وای كردووە، هەولێر ببێتە ناوەند بەسەر سەركردەكانی بەغداوە.

هاووڵاتی نابێت بەلایەوە سەیر بێت كە سەركردەكانمان دووڕوون لە مامەڵە و لە نێوان نەزان و نەكردەدا ماون، یان گوێ بە سەروەریی وڵات نادەن، بۆیە دەبینیت بەغدا لە بەردەم خەڵكەكەی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە دۆڕاوی سەر دەردەهێنێ و بارزانیش بە شكۆترین و ڕوونترین وێنەوە دەردەكەوێت.




وشە - عەبدوڵا عومەر