ئەندامێكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا رای گەیاند، چوونی نوێنەری سەرۆك بارزانی بۆ رۆژئاوای كوردستان، ئومێدێكی گەورەی بە خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بەخشیوە، چونكە هەر كاتێك لە رۆژئاوای كوردستان كێشەیەك هەبێت، سەرۆك بارزانی ئامادەیە بۆ ئەوەی چارەسەری بكات و یەكڕیزیی ناوماڵی كوردی بپارێزێت .
د. كاوە ئازیزی ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا، بە "وشە"ی راگەیاند، پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ رۆژئاوای كوردستان گرنگییەكی یەكجار گەورەی ھەیە و یەكەم جارە نوێنەرێكی فەرمی سەرۆك بارزانی بچێتە رۆژئاوای كوردستان، ھەركاتێك ئێمە لە قۆناغێكی سەخت بین، سەرۆك بارزانی ئامادەیە ئەو كێشەیە چارەسەر بكات و یەكڕیزیی ناوماڵی كورد دروست بكات، ئەمەش بووەتە جێگەی دڵخۆشیی ھەموو خەڵكی رۆژئاوای كوردستان .
زیاتر گوتی، نوێنەری سەرۆك بارزانی ھەر وا ناڕوات بۆ رۆژئاوای كوردستان ئەگەر پێشتر رێگەی بۆ خۆش نەكرابێت و گفتوگۆی پێشوەختە ھەبوو، بۆیە گەیشتوونەتە بڕوای ئەوەی دواتر سەردانی رۆژئاوای كوردستانی كردووە و نوێنەری سەرۆك بارزانی تەنیا نەبووە، بەڵكو نوێنەری ئەمەریكاش لە رۆژئاوای كوردستان یاوەری بووە، بۆیە ئەمە ئومێدێكی گەورەی بەخەڵكی رۆژئاوای كوردستانی بەخشیوە، چونكە خەڵكی رۆژئاوای كوردستان ئومێدێكی گەورەیان بەسەرۆك بارزانی ھەیە بۆ ئەوەی كێشەكان چارەسەر بكات و یەكڕیزیی ناوماڵی كورد لە رۆژئاوا دروست بێت .
دوێنی حەمید دەربەندی بە نوێنەرایەتیی سەرۆك بارزانی گەیشتە رۆژئاوای كوردستان و لەگەڵ ئەنەكەسە و مەزڵووم عەبدی كۆبووەوە، پەیامی سەرۆك بارزانیی بۆ یەكڕیزیی كورد لە رۆژئاوای كوردستان گەیاند.
وشە/ بڵند ئیبراھیم