سبەی شایستەی دارایی گەنمی جووتیاران دابەش دەكرێت

:: PM:09:30:29/06/2024 ‌
لیژنەی باڵای بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاران بڵاوی كردەوە، سبەی دەست بە دابەشكردنی چەكی جووتیاران دەكرێت و ئەوانەی كە گەنمیان لە رێكەوتی شەش، حەوت و هەشتى حوزەیرانى 2024 رادەست كردووە، لە زنجیرە یەك تا 70 سەردانی سایلۆی هەولێر بكەن بە مەبەستی وەرگرتنی شایستەی دارایی خۆیان.

ئەمڕۆ شەموو 29ی حوزەیرانی 2024، لە ئاگادارییەكی "هێمن قادر" جێگری پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی لیژنەی باڵای بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاران هاتووە، ليژنەی باڵای بەبازاڕكردنی گەنمی جووتياران، جووتیارەكان ئاگەدار دەكاتەوە کە سبەی یەكشەم 30ی حوەزیران، دەست بە دابەشکردنی چەکی جووتیاران دەکات.

لە ئاگادارییەكە روون كراوەتەوە، جووتیارەكان كە لە زنجیرە یەك تاوەکو زنجیرە 70 کەوا لە رێکەوتی شەش - حەوت - هەشتی حوزەیرانى 2024 گەنمەکانیان رادەستکردووە، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە جووتیارانی شارۆكەی قوشتەپە سەردانی سایلۆی هەولێر بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی شایستەیی دارایی خۆیان.

لای خۆشیەوە، نه‌وزاد شێخ كامیل به‌ڕێوه‌به‌ری بازرگانیی هه‌رێمی كوردستان، به‌ "وشه‌"ی‌ گوت، 20 ملیار دینار وه‌ك پاره‌ی‌ چه‌كی‌ دووه‌می‌ گه‌نمی‌ جووتیاران گه‌یشتووه‌ كه‌ بڕی 10 ملیار دیناری بۆ جووتیارانی پارێزگای سلێمانییه‌ به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌ی گه‌رمیان و راپه‌ڕینه‌وه‌، بڕی شه‌ش ملیار دیناریشی بۆ پارێزگای هه‌ولێر و بڕی چوار ملیار دیناری بۆ جووتیارانی پارێزگای دهۆكه‌.

پێشتر بڕی شه‌ش ملیار دینار له‌ به‌غداوه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ سێ ملیاری بۆ پارێزگای سلێمانی و ملیار و نیوێك بۆ پارێزگای هه‌ولێر و ملیار و نیوه‌كه‌ی تری بۆ پارێزگای دهۆك بووه‌.


وشە - پۆڵا مەحموود