سروە عەبدولواحید: لەبارەی مووچە تەیف سامی راست ناكات و لەلایەن هێزێكی سیاسییەوە ئاراستە دەكرێت

:: AM:11:43:13/01/2025 ‌
سەرۆكی فراكسیۆنی "نەوەی نوێ" لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، ئەو قسانەی وەزیری دارایی عێراق دەیكات لەبارەی ناردنی 12 مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، راست نییە.

سروە عەبدولواحید سەرۆكی فراكسیۆنی "نەوەی نوێ" لە پەرلەمانی عێراق، لە كاتی بەشداریی بەرنامەی "نفس عمیق"ی كەناڵی ئای نیوزی عێراقی رای گەیاند، بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق و بەپێی ئەو قسانەی كە ئەو لەگەڵ لیژنەی دارایی عێراق كردوویەتی، هەموو پارەی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان بۆ ساڵی 2024 نەهاتووەتە ناردن.

سروە ڕوونیشی كردەوە: وەزارەتی دارایی پاساوەكەیان ئەوەیە  گوایە داهات رەوانە نەكراوە، ئەمە بابەتێكی ترە. بەڵام  تەیف سامی دەڵێ: من 11 تریلیۆن و 500 ملیار دینارم ناردووە، ئەمە راست نییە، هەموو ئەوەی ناردوویەتی 10 تریلیۆن و 700 ملیارە.

سروە عەبدولواحید ئەوەش ئاشكرا دەكات كە تەیف سامی لە ژێر فشاری سیاسیدایە و ئەوەشی گوت، تەیف سامی كە هاتە هەڵبژاردن، پێشبینیمان دەكرد كە پیشەیی كار بكات، بەڵام هەست بەوە دەكەم كە كاریگەریی سیاسی لەسەرە و لەلایەن حزبێكی سیاسیی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە ئاراستە دەكرێت، یان بەلانی كەمەوە ئەوان كاریگەرییان لەسەر بڕیارەكانی هەیە.



وشە - سۆران عەزیز