بەڕێوەبەری خۆراكی سلێمانی رای دەگەیەنێت، چاوەڕوان دەكرێت لە هەفتەی داهاتوودا دەست بە دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگی چوار بە داتای مانگی شەش بكرێت، هاوكات بڕیارە لە مانگەكانی داهاتوو جۆر و كوالێتیی بەشەخۆراكی مانگانە باشتر بكرێت.
كامەران فەتاح بەڕێوەبەری خۆراكی سلێمانی، بە"وشە"ی راگەیاند، ئێستە دەست كراوە بە دابەشكردنی زەیتی مانگی یەكی ئەمساڵ و رۆژانە بڕی پێویستیان بە دەست دەگات، لە دەرەوەی شار بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەكرێت.
گوتیشی، بۆ دابەشكردنی بەشەخۆراكیش دەست دەكرێت بە وەرگرتنی پارە لە بریكارەكان، چاوەڕوان دەكرێت لە هەفتەی داهاتوودا دەست بە دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگی چوار بە داتای مانگی شەش بەسەر هاووڵاتییاندا بكرێت.
لە چوارچێوەی پرۆسەی نوێكردنەوەی پسوولەی خۆراك، هەزاران ناوی مردوو یان ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتن یاخۆ دوو پسوولەی خۆراكیان هەیە، بلۆك دەكرێن و ڕەش دەكرێنەوە، لە بەرانبەردا جۆر و كوالێتی بەشەخۆراكی هاووڵاتییان باشتر دەكرێت.
سیامەند قادر نانەكەلی بەڕێوەبەری ڕێكخستنی پسوولەی خۆراكی هەولێر ڕای گەیاند: بەردەوام دووپاتمان لە باشتركردنی جۆر و كوالێتی بەشەخۆراكی هاووڵاتییان كردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا داوای زیادكردنی ڕێژەكەیشمان كردووە، لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەو داوایانەمان پێشكەش كرد و بەرپرسانی وەزارەتەكەش پێیان ڕاگەیاندین، یەكێك لە هۆكارەكانی پرۆسەی بەئەلیكترۆنیكردنی پسوولەی خۆراك ئەوەیە، كە كوالێتی و جۆری بەشەخۆراك باشتر بكرێت.