بۆ وەبەرهێنان كۆمپانیاكانی بەریتانیا روو لە كوردستان دەكەن

:: PM:05:25:06/07/2025 ‌
سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی كوردستان رای گەیاند، بەریتانیا گرنگی تایبەت لە بواری وەبەرھێنان بە ھەرێمی كوردستان دەدات، بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵیش كۆنفرانسێك لە ھەرێمی كوردستان ئەنجام بدات.

ئەمڕۆ یەكشەم، شەشی تەمووزی 2025، د. محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، بەریتانیا یەكێكە لەو وڵاتانەی گرنگی زۆر بە كەرتی وەبەرھێنان لە ھەرێمی كوردستان دەدات، بەجۆرێك كۆمەڵێك كۆمپانیای بەریتانی،  ئەنجوومەنی كاری بەریتانیا و عێراق، كونسوڵگەى بەریتانیا لە ھەرێمی كوردستان و زانكۆی بەریتانیا لە ھەرێم ھەیە، بەردەوامیش ھانی كۆمپانیا بەریتانییەكان دەدەن بێن لە ھەرێمی كوردستان كار بكەن.

روونیشی كردەوە، ھەرێمی كوردستان ئاسانكاری زۆر باش بۆ وەبەرھێنەرە بیانییەكان دەكات و كەشێكی لەباری بۆ وەبەرھێنان ھەیە، بۆیە ئەوانیش ئارەزوو دەكەن بێن لە ھەرێمی كوردستان كار بكەن.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ساڵانە لە رێگەی ئەنجوومەنی كاری بەریتانی و عێراقی، كە ئێمەش وەكو حكوومەتی ھەرێم بەشدارین كۆنفرانسی جیاجیا ئەنجام دەدەن، ھەر ئەمساڵ دوو كۆنفرانس ئەنجام دەدەن یەكێك لە عێراق و لەسەر داواكاریی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە زستانی ئەمساڵ و كۆنفرانسێكی تر لە ھەرێمی كوردستان ئەنجام دەدەن، كە بڕیارە بەرپرسانی بەریتانی و كۆمپانیا و بازرگانەکانیان بێن بەشداری لەو كۆنفرانسە بكەن، ئەمەش ھەنگاوێكی گرنگە بۆ راكێشانی كۆمپانیای زیاتری وڵاتی بەریتانیا بۆ ھەرێمی كوردستان.

وشە/ بڵند ئیبراھیم


وشە - سه‌رخێڵ هاشم