سزاكانی ئەمەریكا هەڕەشە لە كۆمپانیای كی كارد و مووچە لە عێراق دەكات

:: PM:07:15:06/07/2025 ‌

ئێستە لە شەقامی عێراق ترس لە سەرهەڵدانی تەنگژەیەكی تری دارایی لەئارادایە، ئەوەش دوای ئەو هەواڵانەی باسی ئەگەری زیادكردنی ناوی كۆمپانیای كی كارد بۆ لیستی سزاكانی ئەمەریكا بەهۆی لێكۆڵینەوەكانی لەبارەی دۆسیەی دارایی ژمارەیەك بانك و كۆمپانیاكانەوە دەكرێت، بەهۆی پشتبەستنی ژمارەیەكی زۆری عێراقییەكان بەو كۆمپانیایە بۆ وەرگرتنی مووچە، ئێستە چاوەكان روو لە حكوومەت و بانكی ناوەندین بۆ رێگرتن لەو ئەگەرە، كە دەبێتە پەككەوتنی سیستمی دارایی پێوەست بە مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینان لە عێراق. 

ناسر تەمیمی شارەزای ئابووری دەڵێت، شتێكی ئاساییە كە مەترسی لەسەر مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینان هەبێت بەهۆی ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر كۆمپانیای كی كارد، لەوكاتەی بانكی ناوەندیی عێراق بە كردەنی دەستی بە جموجۆڵ كردووە بۆ دروستكردنی سیستمێكی پارەدانی نیشتمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئەگەرە.

روونی كردەوە، ئەگەر ئەو سزایە سەپێنرا، واتە ناوی كۆمپانیای كی كارد خرایە لیستی سزاكانی ئەمەریكاوە، مامەڵەكانی ئەو كۆمپانیایە تەنیا لە ناوخۆی عێراق دەبێت، واتە لە هەموو چالاكییەك یان حەواڵەكردنێكی دەرەكی بێبەش دەبێت، بۆیە دواكەوتنی عێراق لە دانانی سیستمێكی سەربەخۆی دارایی وای كردووە راستەوخۆ بكەوێتە ژێر گوشار یان هەڕەشەی هەر سزایەكی كەرتی دارایی.

ئەو وریاكردنەوە لەكاتێكدایە كەرتی بانكی عێراق تووشی تەنگژە هاتووەتەوە، بەتایبەتی لە دوای سزای وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكی بەسەر ژمارەیەك بانك بە تۆمەتی سپیكردنەوەی دراو و قاچاغی دۆلارەوە، ئێستە چاودێران وریایی لە فرەوانبوونی سزاكانی ئەمەریكا دەدەن بەوەی كۆمپانیای تری وەك كی كارد بگرێتەوە، ئەوەش ژێرخانی پارەدان دەخاتە ناو كێشەیەكی گەورەوە لە سایەی نەبوونی شوێنگرەوەیەكی بەپەلەوە دەبێتە دواكەوتنی خەرجكردنی مووچە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل