ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی پارێزگای دهۆك ڕای دەگەیەنێت، سێ پڕۆژەی گرنگی كشتوكاڵی بە گوژمەی سێ ملیۆن و 500 هەزار دۆلار لە دەڤەری سێمێل جێبەجێ دەكرێن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی دهۆك ئاشكرای دەكات، پڕۆژەیەك تایبەتە بە چاندنی بەروبووم لەناو خانووی شووشەیی، بە ئامانجی زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆ كە بە گوژمەی ملیۆنێك و 250 هەزار دۆلار جێبەجێ دەكرێت.
پڕۆژەی بەدران بەهەمانشێوە چاندنی بەرهەم لەناو خانووی پلاستیكی لەخۆ دەگرێت و بەهای جێبەجێكردنی پڕۆژەكە، ملیۆنێك و 224 هەزار دۆلارە.
پڕۆژەی سێیەم و كۆتاییش چاندنی داری فستق و خۆخ و زەیتوون لەخۆ دەگرێت، بڕی ملیۆنێك و 136 هەزار دۆلار بۆ جێبەجێكردنی تەرخان كراوە.
كوردستان شوێنێكی گونجاوە بۆ كشتوكاڵ و حكوومەتی هەرێمیش لە كابینەی نۆدا بایەخێكی زۆری بە بوارەكە دا، ئاستی وەبەرهێنانی بەرز كردەوە، ئەم پڕۆژانەش دەبنە هۆی گەشەسەندنی بواری كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان.