بە مەبەستی پارێزگاریكردن لە بەرهەمی ناوخۆیی تەماتە لەم وەرزەدا و برەودان بە بازاڕی جووتیاران، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردەكردنی بەرهەمی تەماتەی داوە، كارگە ناوخۆییەكانیش دەستیان كردووە بە وەرگرتنی تەماتە لە جووتیاران بۆ دروستكردنی دۆشاوی تەماتە.
هاوئاهەنگییەكە بۆ پاراستنی بەرهەمی تەماتەی كوردستان، لە نێوان حكوومەت و سایلۆكان و دەروازەكان هەیە، لەو چوارچێوەیەدایە بەرهەمی كشتوكاڵی جووتیاران دەپارێزرێن و ئەو كاتانەی كە پێویستە بەرهەمەكانی ناوخۆی هەرێم و عێراق بە بازاڕ بكرێن، ڕێگری لە هێنانی بەرهەمی دەرەكی دەكرێت.
حكوومەتی كوردستان بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردەی بەرهەمی تەماتەی لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی جووتیارانی دا، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی هەولێریش دەڵێت، ئەوەی شوێنی یەك تەماتەی هاوردەكراومان پێ بڵێت، سوپاسی دەكەین و راستەوخۆ دەستی بەسەردا دەگرین.
هێمن سەید موراد بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەولێر، بە "وشە"ی راگەیاند، قەدەغەی هاوردەی تەماتە زۆر بە توندی دەستی پێ كردووە و نابێت یەك تەماتەش داخل بكرێت.
زیاتر گوتی، خۆشبەختانە كارگەكانی ناوخۆ بۆ وەرگرتنی تەماتە و كردنی بە دۆشاوی تەماتە كەوتوونەتە كار، بەرهەمی جووتیاران وەردەگرن و دۆشاوێكی تەماتەی پلە یەكی لێ دروست دەكرێت.
باسی لەوەش كرد، بۆ نموونەی ئێستە كارگەی هەریر رۆژانە 75 تۆن تا 400 تۆن تەماتە لە جووتیاران بە نرخی رۆژ وەردەگرێت، واتا تەماتە لە بازاڕ چەند بكات، كارگەش بەهەمان نرخ لێی وەردەگرێت.
بە گوتەی هێمن، ئەو دۆشاوە دەخرێتەوە بازاڕی ناوخۆ و دەرەوە، ساڵی رابردووش حكوومەت دۆشاوی تەماتەی بۆ رەوانەی ئەمەریكا بەریتانیا و فینلەندا و هۆڵەندا هەناردە كردووە، سعوودیەش وەك یەكەم وڵاتی عەرەبی سەرسامی خۆی بە بەرهەمی دۆشاوی تەماتەی كوردستان لە رووی كوالێتی دەربڕیوە و ساڵی یەكەم بار بۆ سعوودیە بەڕێ كرا.
هەرچی هەناردەی ئەو بەرهەمە ناوازەیەی كوردستان بۆ دەرەوە، ساڵی رابردوو كۆی گشتیی هەناردەیان لە وەرزی پێگەیشتنی تەماتە زیاتر لە 150 تۆن دۆشاوی تەماتە بوو كە دەكاتە بڕی 15 هەزار كارتۆن.
ئەندامێكی ئەنجوومەنی عەلوە دەڵێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتییەكی بەهێزی جووتیاران و بەرهەمی ناوخۆ بووە، بۆیە بەهۆی ئەو پاڵپشتییە بەرهەم لە زیادبوونە.
سیروان شێخ شوان لە عەلوەی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، تەماتەی كوردستان ئێستە بە شەش جۆر لە بازاڕەكانی كوردستان هەیە، كە بریتین لە تەماتەی شووشەیی هەولێر، تەماتەی زەهەبی 1، تەماتەی زەهەبی 2، تەماتەی هەولێر پلە 1، تەماتەی هەولێر پلە دوو و تەماتەی هەولێر خۆمانە كە شای تەماتانە.
روونی كردەوە، نرخی هەریەكەیان نرخێكی جیاوازە و كیلۆی لە نێوان 250 دینار بۆ هەزار دینارە، رۆژانە بەپێی خستنە بازاڕ دەگۆڕێت.
شوان حەمید بەڕێوەبەری كارگەی قوتووبەندیی هەریر دەڵێت، ئێستە رۆژانە 25 كەس كار دەكەن، ئەگەر بكەینە سێ شیفت دەبێتە 75 كەس، ئەوانەی كە تەماتەی دەچێنن و ئەوانەی تەماتەكە لێ دەكەنەوە، ئەوەی بۆمان دەهێنێت، دەگاتە سەرووی 800 كەس كە لەو كارگەیە سوودمەند دەبن.
بە گوتەی شوان، كارگەی قوتووبەندی هەریر توانای بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی زیاتر لە 100 تۆنە و هیچ پێكاتەیەكی دتری تێكەڵ ناكرێت، لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی تەماتە، جووتیاران لە هەر شوێنێكی هەرێمی كوردستان دەتوانن بەرهەمەكانیان بگەیەننە كارگەكە، بۆ توانای مرۆییش تەواوی كارمەندەكانی ناوخۆیین و دانیشتووی هەریرن.
هەرچی كارگەی شارەزوورە، كارگەكە ڕۆژانە 100 بۆ 150 تۆن لە تەماتەی خۆماڵی لەو جووتیارانە وەردەگرێت كە كارگەكە خۆی تۆوی تەماتەكەی پێ داون، دواتر دۆشاوی تەماتەی لێ دروست دەكرێت و ڕەوانەی بازاڕی ناوخۆ و دەرەوە دەكرێت.
جێی وەبیرهێنانەوەیە پێشتر حكوومەت گرێبەستی لەگەڵ هەردوو كارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر و شارەزوور واژوو كردووە، بۆ ئەوەی هەردوو كارگەكە تەماتەی جووتیارانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان وەربگرن.
بە گوتەی جووتیارێكیش، تەماتەی خۆمانە دەبێت بكرێتە بەرهەمێكی نێودەوڵەتی و زیاتر گرنگی پێ بدرێت، چونكە لە ڕووی نرخ و خواست لە بازاڕ هەمیشە یەكەمە.
سێبوور سەدرەدین جووتیارێكی دەشتی شەمامكی هەولێرە، ئەو بۆ "وشە" باسی تەماتەی خۆمانە دەكات و دەڵێت، لەسەر زەوییەكەم هەر كیلۆیەكی بە 800 دینار دەفرۆشم، كڕیاریش هەیە و هیچ بەرهەمێكم نامێنێتەوە.
" تەماتەی خۆمانە و تۆوەكەشی خۆمانە بێت، ئەوەی بە تەماتە قاش قاشەكە ناسراوە، هۆزێك پێویستی بە خزمەتی زیاترە لەو تەماتەیەی بەرهەمەكەی زۆرە، بەڵام لە نرخدا زۆر جیاوازن، چونكە تەماتە خۆمانەكەی من سێ هێندەی تەماتەكەی بازاڕ پارە دەكات"، سێبوور وای گوت.
بەپێێ بەدواداچوونی "وشە" رۆژانە زیاتر لە 900 تۆن تەماتە لە هەرێمی كوردستان بەكار دەهێنرێت. لە هەولێر 340 تۆن، سلێمانی 315 تۆن، دهۆك 210 تۆن، هەڵەبجە و گەرمیانیش 35 تۆنە، كە بەشێكی بۆ خواردنەوە و بەشەكەی تریشیی دەكرێتە دۆشاوی تەماتە.
كوردستان دوو ساڵە لە بەرهەمهێنانی دۆشاوی تەماتە رۆڵی هەیە و بەرهەمەكەی دەچێتە بازاڕەكانی دەرەوە، بەڵام هێشتا ئەو كاریگەرییە گەورەی دروست نەكردووە كە وێنەیەكی گەورەی بازاڕەكان بێت، چونكە وڵاتە زلهێزەكانی وەك چین و ئەمەریكا، ساڵانە بە هەردووكیان بڕی 70 ملیۆن تۆن دۆشاوی تەماتە هەناردە دەكەن.