مەترسیداریی پڕۆژەیاساكەی كۆنگرێس سەبارەت بە ئەنجوومەنی دادوەری و زێدان چییە؟

:: PM:08:04:30/06/2024 ‌

دەسەڵاتی دادوەری یەكێكە لە چوار دەسەڵاتەكانی دەوڵەتی عێراق، بەم دواییە هەوڵێك لە كۆنگرێسی ئەمەریكا هەیە بۆ حیسابكردنی وەك ئامرازێكی ئێران و میلیشیاكانی بۆ كۆنترۆڵكردنی عێراق، ئەوەش تۆمەتێكی گەورەیە ئاراستەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و فایەق زێدانی سەرۆكەكەی دەكرێت، بەڵام كاریگەرییەكانی چین؟

پێنجشەمی رابردوو ماڵپەڕی "واشنتن فری بیكۆن"ی ئەمەریكی لە مایك واڵتز، ئەندامی كۆماری و هەردوو لیژنەی هێزە چەكدارەكان و كاروباری دەرەوە لە كۆنگرێسی ئەمەریكای گواستەوە كە هەموار بۆ پڕۆژەیاسایەك پێشكەش دەكات، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و فایەق زێدانی سەرۆكەكەی وەك دوو ئامراز دادەنێت كە ئێران بەسەریاندا زاڵە، چاوەڕوان دەكرێ هەردوو حزبی كۆماری و دیموكرات پاڵپشتی لەو هەموارە بكەن، بەوەش دەبێتە یەكەم پڕۆژەیاسا كە بەناو بەرپرسانی عێراق بە هەوڵدان بۆ جێگیركردنی فەرمانڕەوایی ئێران لە عێراق تۆمەتبار دەكات.  

پەرلەمانتارانی ئەمەریكا دەیانەوێ لە رێگەی ئەو پڕۆژەوە حكوومەتی عێراق بەئاگا بێننەوە و رێگە لەوە بگرن عێراق ببێتە دەوڵەتێكی كۆنترۆڵكراو لەلایەن ئێرانەوە، واڵتز دەڵێت، پێویستە رژێمی ئێران لەوە تێبگات كە كۆنگرێسی ئەمەریكا رێگە بە عەلی خامنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئێران نادات عێراق بكاتە دەوڵەتێكی قووڵ، لەبەرانبەردا وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەركۆنەی ئەو هەنگاوەی كرد و دووپاتی كردەوە كە ئەو جۆرە لێدوانانە بەتەواوەتی رەت دەكاتەوە، كە دەست بۆ كەسایەتیی زێدان و مافەكانی دەوڵەتی عێراق دەبات.  

خالید عەرداوی، مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی بەغدا دەڵێت، پەنابردنی كۆنگرێسی ئەمەریكا بۆ تۆمەتباركردنی دەسەڵاتی دادوەری و ئەگەری سەپاندنی سزا  بەسەر سەرۆكەكەی، پەیامێكی خراپە لەبارەی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق بۆ دنیای دەرەوە، سەربەخۆیی ئەو دەسەڵاتە و متمانەكەی لەبەردەم رای گشتیی دنیا دەشێوێت، بەو شێوەیە ناوبانگی دەوڵەت و ئەزموونی فەرمانڕەوا دیموكراسییەكەی دەكەوێتە ناو بازنەی گومان، بۆیە ئەگەر ئەو تۆمەتانە سزایان لەگەڵدا بێت، دەبێتە مایەی تەسكبوونەوەی بواری جموجۆڵی نێودەوڵەتیی سەرۆكی ئەنجوومەنەكە هەر ئەندامێكی تر كە تۆمەتبار بكرێت، ئەوەش دەكەوێتە سەر جۆری سزاكان ئەگەر دەربكرێت، بەڵام لەسەر ئاستی ناوخۆیی كاریگەریی ئەتۆیان نابێت. 

لای خۆیەوە موجاشیع تەمیمی، چالاكی سیاسی نزیك لە رەوتی سەدر دەڵێت، ئەمەریكا راستەوخۆ دەست لە كاروباری ناوخۆی وڵاتان وەرنادات، بەڵام هەر بڕیارێك لە دامەزراوەیەكی ئەو وڵاتە دەربچێت لە تەواوی دنیا جێبەجێ دەكرێت، بۆیە مەترسیی هەڕەشەكانی سزادانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لەلایەن ئەمەریكا، لە حاڵەتی تێپەڕكردنی یاساكە، كاریگەریی لەسەر عێراق دەبێت، دەبێتە هۆی پچڕانی پێوەندیی نێوان دادوەری لە عێراق و كۆمەڵگە و یاسای نێودەوڵەتی، بۆیە لە بەرژەوەندیی عێراق نییە بەرانبەر بەو هەڕەشانە بێدەنگ بێت، چونكە سزادانی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق راستەوخۆ كار لە ناوبانگی دەوڵەتی عێراق و سیستمە سیاسییەكەی دەكات.
تەمیمی روونی كردەوە، مەترسیداریی ئەو لێدوانانەی سیناتۆرە كۆمارییەكە لەوەدایە ئەگەر پڕۆژەكە بەو شێوەیە هەموار بكرێتەوە، دەبێتە هۆی بایكۆتكردنی مامەڵەكردن لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە رێگەی هەلپەساردنی مامەڵەكردن لەگەڵ بڕیارەكانی دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق، لەوانەش بڕیارەكانی دادگەی باڵای فیدراڵی لەلایەن ئەمەریكا و وڵاتانی دنیا، ئەوەش دەبێتە هۆی جێبەجێ نەكردنی بڕیارەكانی دادوەری عێراق لەبارەی فەرمانەكانی گرتن و دۆسییەكانی تری نێودەوڵەتی، كێشەكە لەوەدایە ئەو قەدەغەیە تەنیا ئەمەریكا ناگرێتەوە، بەڵكو زۆرینەی وڵاتانی دنیا لەوانەش وڵاتانی ناوچەكە و عەرەبی جێبەجێی دەكەن. 

دادوەر فایەق زێدان، لەدایكبووی 1967ە، بڕوانامەی دكتۆرای لە یاسای گشتی هەیە لە 2005 تا 2012 سەرۆكی دادگای لێكۆڵینەوەی ناوەندی تایبەت بە نەهێشتنی تیرۆر و تاوانە گەورەكان بووە، لە 2012ەوە ئەندامی دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی بووە، لە 2014 جێگری سەرۆكی دادگاكە بووە و لە 2016 بووەتە سەرۆكی، لە 2017 پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری وەرگرتووە و تا ئێستە لەو پۆستەیە، سەرۆكی دادگەی پێداچوونەوەی فیدراڵیشە، لە 2021 زێدان یاداشتێكی گرتنی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا بە تۆمەتی كوشتنی قاسم سلێمانی، سەرۆكی پێشووی فەیلەقی قودسی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە 2020 دەركرد.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل