"هەوڵی داوە حكوومەتێك هەبێت بۆ هەموو هەرێمی كوردستان ئامانجی خزمەتكردن بێت"

:: PM:09:35:30/06/2024 ‌

لەماوەی رابردوو چەندین كێشە بۆ كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێم دروست كرا، بەڵام مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەت بەبێ ماندووبوون و وەچان لە بەسەركردنەوەی ناوچە جیاجیاكانی هەرێم و دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەكان بەردەوام بووە، دەستی ئاوەدانی كابینەكەی بە هەموو ناوچەكان گەیشتووە و هەرێمی پڕ لە پرۆژە كردووە، لە جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەكەی بەردەوامە و ئامانجی گەیاندنی زیاترین خزمەتگوزارییە بە هاووڵاتییان.

وەك خەڵك و میدیاكان شایەتی دەدەن، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر جارەو لە ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان دەردەكەوێت، بەردی بناغەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دادەنێت و سەرپەرشتیی جێبەجێكردنیان دەكات، بەوەش هەرێم گەشەسەندوو و جوانتر دەكات، ئەو بەبێ دەنگی دەیەوێ هەرێمی كوردستان زیاتر لەوەی ئێستە هەیە پێش بخات.

 لەوبارەوە خەدیجە عومەر، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەگەر حكوومەتی هەرێم بیەوێ وەڵامدەرەوەی داواكاریی خەڵك بێت، دەبێت خزمەت بكات، خەڵك شایەتی ئەوە دەدەن كە كابینەی نۆ وەڵامدەرەوەی داواكاریی خەڵك بووە و كاری گەورە و گرنگ و خزمەتی هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی كردووە، لە هەموو ناوچەیەك بووە و كوردستانی پڕ پڕۆژە كردووە، بەبێ ماندوبوون كارەكانی كردووە هەرچەندە كێشەكانیش هەبوون، بەڵام ئەوانە رێگر نەبوون.

زیاتر گوتی، مەسروور بارزانی هەوڵی داوە حكوومەتێك هەبێت بۆ هەموو هەرێمی كوردستان، هەر لە زاخۆ‌وە تا خانەقین و هیچ دەستێكی حزبی و كەسی نەیەتە ناو ئەو حكوومەتەوە، بۆ ئەوەی حكوومەتی خزمەتكردنی خەڵك بێت، سەرۆكی حكوومەت خۆی راستەوخۆ بەشدار بووە لە كەرتەكان و ئەو پڕۆژانەی كە خراونەتە جێبەجێكردن، لە ناو هاووڵاتییان بووە و لە نزیكەوە بەدواداچوونی بۆ كار و بەرنامەی حكوومەت كردووە، لە هەمووشی گرنگتر ئەو یاسایەی چاكسازییە كە بەشێكی جێبەجێ كراوە، ئەوە نیشانی دەدات كە نیازی حكوومەت لەگەڵ خزمەتكردن چاكسازیش بووە.

لای خۆیەوە ناسر ئیسماعیل، شارەزای ئابووری بە "وشە"ی راگەیاند، ئەركی حكوومەت خزمەتكردنی هاووڵاتییانە، حكوومەت دەیەوێ لەو ماوەی كە لەبەردەستیدایە لە سەرەتای دەستبەكاربوونییەوە تا تەواوبوونی ماوەكەی، زۆرترین پڕۆژە و خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان دابین بكا و گرنگی بە داواكاریی هاووڵاتییان بدا و كارنامەكەی وەك خۆی جێبەجێ بكات، سەرۆكی حكوومەت رۆژێك لە زاخۆ و رۆژێكیتر لە دهۆك و هەولێر و رۆژێكیش لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین بووە، ئەمە جگە لەوەی چەندان پڕۆژەی گرنگی خستووەتە بواری جێبەجێكردن.
 
روونی كردەوە، سەرۆكی حكوومەت دەیەوێ خزمەت بە خەڵك و ناوچەكان بكات، پێشكەوتن و گەشەسەندنی هەموو ناوچەكان بۆ حكوومەتی هەرێم گرنگە، چونكە حكوومەت یەك حكوومەتە و هی هەموو هاووڵاتی و ناوچەكانە و هەموو ناوچەكانیش لای سەرۆكی حكوومەت گرنگ بوون، چۆن لە هەولێر و دهۆك پڕۆژەی گرنگی كردووە، لە سلێمانی و هەڵەبجەش خۆی سەردانی كردوون و پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی كردووە، كە بەهۆیانەوە ژێرخانی ئابووری بەهێز دەبێت.

پێوەست بەو بابەتە هیوا سەردار، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، حكوومەتی هەرێم بەردەوام لە خەمی خزمەتكردنی هاووڵاتییاندا بووە، خزمەتگوزاری كاری لەپێشینەی حكوومەت بووە، هەوڵدان بۆ كاری باش و پڕۆژە و جێبەجێكردنی كارنامەی حكوومەت بەبێ جیاوازی بەسەر هەموو شار و پارێزگەكان دابەش بووە، حكوومەت كاری خزمەتكردنە و دەبێت لە ئاست داواكاریی هاووڵاتییاندا بێت، بۆیە لەو ماوەیە كاری زۆر باش كراوە و ئامانجی سەرەكیی حكوومەت خزمەتكردن بووە، ئەوەش بە هەموو ئەوانە دەكرێ كە لە حكوومەت بەشدارن.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل