پوختەی چەند پڕۆژەیەكی كابینەی نۆ بۆ هەڵەبجە "زیاتر لە 130 پڕۆژە"

:: PM:09:46:14/04/2025 ‌
ئەمڕۆ بە رۆژێكی مێژوویی بۆ تەواوی كوردستان و بە تایبەت پارێزگای هەڵەبجە دادەنرێت، بەبۆنەی پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی پارێزگاكەوە، بەم بۆنەیەوە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكیدا بەڵێن دەدات كە حكوومەت خزمەتی زیاتری پارێزگاكە بكات. 

لە ماوەی كاركردنی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چەندان پڕۆژەی ستراتیجی و خزمەتگوزاری و پڕۆژەی تر بڕیاریان لێوە دراوە، كە بەشێكیان تەواو بوون و بەشێكی تریشی لەژێر كاركردن و تەواوبوون دان. 

لە 22ی شوباتی پارساڵدا سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە سەردانێك گەیشتە پارێزگای هەڵەبجە و بەردی بناغەی رێگەی هەڵەبجە - تووەقووت و قلیجە و پردی تووەقوتی دانا، لە سەردانەکەدا چەندان بڕیاری تری گرنگی بۆ پارێزگای هەڵەبجە دەرکرد كە بریتی بوون لە:
1. پەلە بکرێت لە جێبەجێ کردنی ڕێکارە یاساییەکانی بە شارۆکەبوونى خورماڵ.
2. دامەزراندنی 500 کەس بە گرێبەست لە داودەزگاکانی حکوومەتی هەرێم لە پارێزگاى هەڵەبجە.
3. دەست بکرێت بە قیڕتاوکردنی شەقامەکانی ناوشاری پارێزگای هەڵەبجە.
4. لیژنەیەک پێک بهێنرێت بۆ بەدواداچوون و پاشان دەستنیشانکردنی ڕێژەیەک لە داهاتی دەروازە سنوورییەکانی ئەو دەڤەرە بۆ خزمەتکردنی هەڵەبجە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ دانیشتووانی پارێزگەکە.
5. تایبەتمەندی بدرێت بە پارێزگەی هەڵەبجە بۆ جێبەجێ کردنی پڕۆژەی ماستەرپلانی شارەکان کە لە لایەن وەزارەتی شارەوانییەوە پلانی بۆ دانراوە.
6. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستی بڕیاری کردنەوەی کۆلێجی پزیشکی لە زانکۆی هەڵەبجە دەربکات، دواتر کار لەسەر ڕێکار و پێداویستییەکانی بکرێت.

جیا لەمانەیش لە كابینەی نۆیەمدا زیاتر لە 130 پڕۆژە بۆ هەڵەبجە جێبەجێ كراون بەم شێوەیەی خوارەوە: 

پڕۆژە كشتوكاڵی و ئاژەڵدارییەكانی هەڵەبجە:
- 38 پڕۆژەی پەلەوەری.
- 11 پڕۆژەی ئاژەڵداری و بەخێوكردنی ماسی.
- 68 پڕۆژەی خانووی پلاستیكی.
- پڕۆژەی كۆمەڵگەی خۆراكی راسان.
- پڕۆژەی كارگەی دۆشاوى تەماتەی شارەزوور.
- پڕۆژەی ناوچەی پیشەسازی.
- پڕۆژەی عەلوەی هاوچەرخی سەوزە و میوە.
- پڕۆژەی پۆندی پریسی خواروو.
- پڕۆژەی دارستانی رێگای هەورامان.

پڕۆژەكانی وەبەرهێنانی هەڵەبجە:
لە ماوەی چوار ساڵی کارکردنی كابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ بڕیار بۆ جێبەجێ کردنی 132 پڕۆژەی جۆراوجۆر لە سنووری پارێزگەی هەڵەبجە دەرچووە؛ كە بەشێكی زۆریان تەواو بوون و بەشێكی تریشی لە تەواوكردن دان، پڕۆژەكان بەسەر 11 سێكتەری جیاوازدا دابەش بوون:
- 57 پڕۆژەی رێگاوبان و گواستنەوە.
- 20 پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ.
- 14 پڕۆژەی پەروەردە.
- 14 پڕۆژەی ژێرخان و خزمەتگوزاری.
- هەشت پرۆژەی حكوومەت و كۆمەڵگەی مەدەنی.
- پێنج پڕۆژەی كشتوكاڵی.
- چوار پڕۆژەی بەرهەمهێنانی وزە.
- چوار پڕۆژەی تەندروستی.
- سێ پڕۆژەی گەشتوگوزار.
- دوو پڕۆژەی دروستكردن.
- یەك پڕۆژەی بانك و خزمەتگوزاریی دارایی.

جگە لەمانەیش لە 30ی حوزەیرانی 2024 و لە دووەم سەردانیدا لە ماوەی چوار مانگدا بۆ هەڵەبجە، بەردی بناغەی سایلۆی هەڵەبجەی دانا بە گوژمەی زیاتر لە 27 ملیار دینار.

جێگەی ئاماژەیە رۆژی یەكشەم 16ی ئاداری 2014 سەعات 10ـی سەر لە بەیانی، هاوكات لەگەڵ ساڵوەگەڕیی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجەی شەهید، سەرۆك بارزانی فەرمانی هەرێمی بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی شەهید واژوو كرد.

لە رۆژی پێنجی ئاداری 2014 لە نووسراوێكی فەرمیدا بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەرۆك بارزانی كە ئەوكات سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو، داوای لە حكوومەتی هەرێم كرد چاوەڕێی بەغدا نەكات و رێكارە كارگێڕییەكانی بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە دەست پێ بكات.‌ 

چەند ڕۆژێك دواتر و لە كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێكی هەڵەبجە، سەرۆكی حكوومەتی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، لە 13ی ئاداری 2014 بڕیاری بە پارێزگاكردنی هەڵەبجەی قبووڵ كرد و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا واژووكردنی بڕیاری بە پارێزگاكردنی هەڵەبجەی راگەیاند.

یەكێك لەوانەی كە بەردەوام بەدوای ئەو پرسە گرنگەوە بووە و زۆرترین خزمەتیش لە سەردەمی ئەودا كراوە، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستانە، كە لە ماوەی رابردوودا جیا لەوەی سەردانی پارێزگاكەی كرد، چەندان پڕۆژەی خزمەتگوزاری و دامەزراندنی پێشكەش بە هەڵەبجە كرد.


وشە - پۆڵا مەحموود