CNN: قوتابيیەك بەهۆى بڵاوکردنەوەى وێنەی رووتی ساختەی 50 كچەقوتابیی هاوڕێی گیرا

:: PM:09:58:13/06/2024 ‌
لە قوتابخانەیەكی ئوسترالیا لێكۆڵینەوە دەستی پێ كردووە لە بڵاو بوونەوەی وێنەی 50 كچەقوتابی بە رووتی كە لە رێگەی زیرەكی دەستكردەوە رووت كراونەتەوە و بەهۆیەوە پشێوییەكی گەورە دروست بووە لەو شارەی كە قوتابخانەكەی لێیە. 

ئەمڕۆ پێنجشەم 13ی حوزەیرانی 2024، تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، دوای لێكۆڵینەوە پۆلیس هەرزەكارێكیان گرتووە كە پێوەندی بە دروستكردنی وێنەی كچەقوتابییەكانی قوتابخانەیەك هەبووە لە شاری "میلبۆرن"ی ئوسترالیا و دواتریش هەستاوە بە بڵاوكردنەوەی وێنەكانیان لە سۆشیال میدیا. 

تۆڕە هەواڵییە ئەمەریكییەكە روونی كردووەتەوە، ئەو كەسەی هەستاوە بە ساختەكردنی وێنەی كچەكان و رووتكردنەوەیان، سوودی لە ئەرشیفی قوتابخانەكە بینیوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەرمیی قوتابخانەكە و دواتریش هەستاوە بە شێواندنیان و دروستكردنەوەیان بە رووتی بەیارمەتیی زیرەكی دەستكرد. 

لای خۆیەوە "ئەندرۆ هێل" بەڕێوەبەری قوتابخانەكە بە ئێستگەی دەنگی ئوسترالیای راگەیاندووە، كچە قوتابییە قوربانییەكان لە نێوان پۆلی نۆ تا 12ـن و تەمەنیان لە نێوان 14 تا 18 ساڵە. 

پۆلیس ناسنامە و تەمەنی تۆمەتبارەكەی بڵاو نەكردووەتەوە، بەڵام ئێستگەی دەنگی ئوسترالیا ئاشكرای كردووە كە تۆمەتبارەكەیش لەهەمان قوتابخانە قوتابییە و هاوڕێی قوربانییەكانە. 

جێگەی ئاماژەیە وڵاتانی دنیا هەوڵ دەدەن میكانیزمێك بدۆزنەوە بۆ مەترسییەكانی زیرەكی دەستكرد، كە لەم چەند ساڵەی دواییدا هاتووەتە ئاراوە و زۆرترین وێنەی ساختەی پۆڕنۆگرافیی كچانی هەرزەكار و قوتابییانی پێ دروست دەكرێت و بڵاو دەكرێتەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود