لەناو جەژندا ئەلبوومە نوێیەكەی لەتیفە بڵاو دەبێتەوە

:: AM:10:04:15/06/2024 ‌
لەتیفە تونسی كە یەك لە ئەستێرە زۆر ناودارەكانی گۆرانیی عەرەبییە، بڕیارە سبەی یەكشەم كە یەكەمین رۆژی جەژنە، ئەلبوومە نوێیەكەی بەناوی "مفیش ممنوع- قەدەغە نییە" بڵاو بكاتەوە كە یەك لە گۆرانییەكانی بەهاوكاریی هونەرمەند كازم ساهیرە.

پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "ئەهرام"ی میسری، ئەمڕۆ شەموو 15ی حوزەیران بڵاوی كردووەتەوە، هونەرمەند لەتیفە لە دیمانەیەكی تایبەت لەگەڵ شیرین سلێمانی راگەیاندنكار لە بەرنامەی "سپۆت لایت" لە كەناڵی "سەدا بەلەد" رای گەیاند، لە ناو جەژندا ئەلبوومە نوێیەكەی بەناوی "قەدەغە نییە" بڵاو دەكاتەوە كە 10 تراك لە خۆ دەگرێت.

لەتیفە زیاتر گوتی، لەو ئەلبوومەدا لەگەڵ ژمارەیەك هونەرمەند بە موزیك و میلۆدی كاری كردووە وەك وەلید سەعد، نادر عەبدوڵا، كەریم حەكیم و خالید فەتووح، تەواوی گۆرانییەكانی لەگەڵ ژمارەیەك موزیكوانی بەتوانایە.

لەتیفە ئاماژەی داوە، بۆ یەكەمین جار كاری هونەریی لەگەڵ هونەرمەند ئەحمەد بەحر ئەندامی تیپی "بلاك تیما" كردووە، ئەویش لە گۆرانیی "چعف الإحساس". ئەو گوتی ئەو كارەی لەگەڵ ئەو هونەرمەندە لەلای خۆیەوە خۆشترین كاتی بووە.

دواتریش لەتیفە باسی ئەوەی كرد كە یەك لە گۆرانییەكانی ئەلبوومەكە، گۆرانیی "نویت اعاندە"یە و بۆ ئەوەیش كاری لەگەڵ هونەرمەند كازم ساهیر كردووە، تێكستی گۆرانییەكەیش هی عەبدولوەهاب محەمەدە.

لەتیفە تونسی لە ساڵی 1961 لە ناوچەی سیدی عومەر لە ویلایەتی مەنووبەی تونس لە دایك بووە، بۆ خویندن هاتووەتە قاهیرە لە میسر  ئەكادیمیای هونەرەكانی پەیمانگەی باڵای موزیكی عەرەبیی تەواو كردووە. لە ساڵی 1978وە لە تونس دەستی بە گۆرانیگوتن كردووە. جیا لە گۆرانیگوتن، هاوكات لە چەند فیلم و درامادا وەك ئەكتەر نواندنی كردووە. تا ئێستە 29 ئەلبوومی بڵاو كردووەتەوە و ئەم ئەلبوومە نوێیەش 30مین ئەلبوومیەتی.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د