گەرمای بێزاركەر بەرۆكی عێراق بەر دەدات

:: PM:10:48:23/06/2024 ‌
ئاماژەكانی كەشوهەوا نیشانی دەدەن، كە ئەو گەرما تاقەتپڕووكێنەی لە 11ی ئەم مانگەوە تەواوی عێراقی گرتووەتەوە بەرەو كۆتاییە، شارەزایەكی كەشناسی وردەكاری كۆتاییهاتنی ئەم شەپۆلە روون دەكاتەوە. 

ئەمڕۆ یەكشەم 23ی حوزەیرانی 2024، واسق سەلامی شارەزای كەشناسیی عێراق لە بڵاوكراوەیەكیدا پێشبینی كردووە، كاریگەریی بەرزەپاڵەپەستۆی مەداری كەم دەبێتەوە، ئەمەیش دەبێتە هۆی نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما و جێگیربوونی كەشوهەوا لەگەڵ بەرز بوونەوەی شێی رێژەیی. 

شارەزا كەشناسەكە ئاماژەی كردووە، ئاڕاستەی با بەرەو باكوری رۆژئاوا دەبێت و خێراییەكەیشی لەنێوان كەم تا مامناوەند دەبێت و لە هەندێك ناوچەیشدا خێرایی با دەگاتە 30 كیلۆمەتر، بەمەیش خۆڵبارینێكی سووك دروست دەبێت. 

سەلامی پێشبینیشی كردووە، دوای چەندان رۆژ گەرمای تاقەتپڕووكێن و ماندووكەر، پلەكانی گەرما دادەبەزن. روونیشی كردووەتەوە، ئەمە بە مانای ئەوە نایەت كەش بەرەو ساردی بڕوات، بەڵكو گەرمای بێزاركەر كۆتایی دێت. 

لە كۆتایی بڵاوكراوەكەیدا كەشناسەكە زیاتر نووسیوویەتی، ئاماژە كەشناسییەكان روونیان كردووەتەوە كە لە ئایندەیەكی نزیكدا هیچ شەپۆلێكی گەرما ناگەڕێتەوە بۆ عێراق و ئەگەر هەر گۆڕانكارییەكیش بەرەو بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بێت، ئەوە جیاواز دەبێت لەو شەپۆلەی لە ماوەی رابردوودا رووی كردبووە عێراق و تاقەتپڕووكێن و بێزاركەر نابێت.


وشە - پۆڵا مەحموود