هامستەر گیرفانبڕی هاووڵاتییانە ئاگادار بن

:: PM:04:00:25/06/2024 ‌
بڵاوبوونەوەی یاریی هامستەر بووەتە پەتایەكی نوێی ئەلیكترۆنی لەناو كۆمەڵگە و شارەزایەكی تەكنەلۆجی دەڵێت، ئەو یارییە هەم پارەتان لێ‌ دەبات و هەم مۆبایلەكانتان تێكدەدات.

بەپێی راپۆرتێكی نێودەوڵەتی، لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا هەریەك لە هاووڵاتییانی ئێران و پاكستان و رووسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زۆرترین بەكارهێنەری یاری هامستەرن، ئەوەیش یارییەكە كە خەڵك دەیانەوێت لەو ڕێیەوە دەوڵەمەند بن.

رێبوار سەعید گەیمەر و شارەزای یارییە تەكنەلۆجییەكان، بە "وشە"ـی راگەیاند، پێویستە بەكارهێنەران ئەو راستییە بزانن یاری هامستەر و هەموو هاوشێوەكانیان، هەرگیز لە گیرفانی خۆیان پارە نادەن بە خەڵك، بەڵكو بازاڕێك دروست دەكەن و ئەو بازاڕەش جگە لە فرۆشیار، پێویستی بە كڕیاریش هەیە كە هەموو یاساكانی ئابووری تێیدا خۆی دەنوێنێت كە زۆرترین پارە بەكارهێنەر دەیدات بۆ كێبەركێ‌.

بەگوتەی ئەو شارەزایە، راستە ئێستە بەخۆڕایی بەكارهێنەر لە بەردەستیەتی، بەڵام بە ناڕاستەوخۆ پارە بەو كۆمپانیایە دەدەی وەك داونلۆدكردن و بەكارهێنان كە ئینتەرنێتی پێویستە، بەشێك لەو پارەیە بۆ كۆمپانیای داهێنانی یارییەكەیە.

"كێشەكە ئەوەیە بەكارهێنەر دەبێت كاتێكی یەكجار زۆر دابنێت بۆ كۆكردنەوەی پارەی ناو بۆتەكان، ئەوەش بە دەستلێدانی بەردەوامی شاشەكە دەبێت، ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی لە ماوەیەكی كورت شاشەی مۆبایلەكە لەكار بكەوێت"، رێبوار وای گوت.

بەگوتەی رێبوار لە داهاتوودا ئەو یارییە جگە لەوەی كێشەی زۆر بۆ بەكارهێنەران لە رووی ئابووری و تەندروستی دروست دەكات، دەبێت دڵنیابن لەوەی زانیارییەكانیشیان بە ئاسانی دزە دەكات، چونكە كۆمپانیای یاریی بەرهەمهێنراو شوێنی نادیارە و لە ئەكاونتی تیلگرامی هەر كەسێك بانگەشە دەكات كە بەشداریی هاوڕێكانی پێ‌ دەكات، ئەمەیش دەبێتە كێشەی تر لە داهاتوودا.



وشە - رامیار جەواد