بڕیارە خانووەكەی مارلین مۆنرۆ بكرێتە مۆزەخانە

:: PM:02:01:27/06/2024 ‌
شارەوانیی لۆس ئەنجیلۆس بڕیاری داوە ئەو خانووەی هی هونەرمەندی كۆچكردوو مارلین مۆنرۆ بوو، بكرێتە مۆزەخانە كە لەو خانووەدا دەیان وێنەی ئەو هونەرمەندە گیراوە.

پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "ئەهرام"ی میسری، ئەمڕۆ پێنجشەم 27ی حوزەیران بڵاوی كردووەتەوە، ئەو خانووەی مارلین مۆنرۆ كە بەرلە مردنی بۆ ماوەی شەش مانگ تێیدا ژیا، بەرلەوەی تێك بدرێ و بكرێتە پڕۆژەیەكی تر، شارەوانیی لۆس ئەنلیجۆس لە ئەمەریكا بڕیاری دا، خانووەكە كە دەكەوێتە گەڕەكی برینتوود و خانووەكانی ئەو گەڕەكە گرانبەهان، بكاتە مۆزەخانە و تەواوی وێنە و كەلوپەلەكانی ئەو خاتوونە هونەرمەندەی تێدا نمایش بكات. 

تریسی بارك كە راوێژكاری شارەوانییەكەیە گوتی، یەك كەس و یەك شوێن لە لۆس ئەجیلۆس نییە بارتەقای مارلین مۆنرۆ و خانووەكەی لەو شارەدا ناودار بێت، ناودارترین وێنەكانی مۆنرۆ لەو خانووە و لەناو مەلەوانگەكەی گیراون. ئەو بە مردنێكی كارەساتاوی بەجێی هێشتین، بۆیە جێی خۆیەتی بایەخ بە خانووەكەی بدەین.

ئەو خانووەی مۆنڕۆ كە لە یەك نهۆم پێكدێت و لە ساڵی 1962 هاتووەتە كڕین، لە دوای جیابوونەوەی لە نووسەری ناودار ئارسەر میلەر، بڕیار كڕینی ئەو خانووەی دا. ئەو هونەرمەند لە دوای كڕینی ئەو خانووە بە شەش مانگ، ئەوكات تەمەنی 36 ساڵ بوو و رۆژێك مادەی هۆشبەری زۆر زیاتر بەكار هێنا، لەناو خانووەكە كۆچی دوایی كرد. لە دوای مردنیشی چەند جارێك كڕین و فرۆشتن بۆ ئەو خانووە كراوە.

باس لەوە دەكرێ كە ئێستە برینا میلستاین و رۆی بانك كە هاوسەری یەكترن و ئەمەریكین، موڵكایەتیی ئەو خانووە بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە، ئەوان موڵكێكی تریشیان لە تەنیشتی ئەو خانووە كڕیوە، لە پلانیاندا هەبووە بیڕووخێنن و فراوانتری بكەنەوە، بەڵام شارەوانیی لۆس ئەنجیلۆس پێی زانی و رێی لێ گرتن، بۆیە ئێستە كێشەی ئەو خانووە لە دادگایە و ئەگەر یەكلا كرایەوە، ئەوكات دەبێتە موڵكی شارەوانی كە نیازی وایە بیكاتە مۆزەخانەی تایبەت بۆ مارلین مۆنرۆ.

مارلین مۆنرۆ لە ساڵی 1926 لە دایك بووە و یەك لە ئەستێرە زۆر ناودارەكانی نەوەی پەنجا و شەستەكانی دنیای هۆڵیوودە، بە جوانترین ئەكتەری سەردەمەكەی خۆی هەژمار دەكرا كە خاوەنی 10 فیلمی سینەماییە. لە ساڵی 1962 كۆچی دوایی كرد كە تا ئێستەیش گومان لە مردنەكەی دەكرێت بەوەی بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە كۆی دوایی كرد.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د