سوودی بۆ رووەك زۆرە.. ئەو ئاوەی هێلكەی پێ دەكوڵێنن مەیڕێژن

:: AM:11:44:10/04/2025 ‌
تا ئێستە قسە لەسەر ئەوە نەكراوە كە ئاوەی هێلكەی پێ دەكوڵێنرێت، سوودەكانی چین و بۆچی بەكار دەهێنرێت، بۆیە بەشی تەندروستیی پێگەیەك ئاماژە بەوە دەكات، ئەو ئاوەی هێلكەی پێ دەكوڵێنرێت، نابێ فڕێ بدرێت یان بڕژێت، چونكە سوودی زۆری بۆ رووەك هەیە.

پێگەی "عەرەبیە" كە هەواڵەكەی لە بەشی تەندروستیی پێگەی Tips and Tricks وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، ئاوی هێلكەی كوڵاو كە خەڵك بە زۆری دوای كوڵانی هێلكە فڕێی دەدەن، دەوڵەمەندە بە ئاسن و كالسیۆم، هاوكات وەك پەیینی كیمیایی لێ دێت كە سوودی زۆری بۆ رووەك دەبێت، بۆیە زۆر گرنگە ئەو ئاوە فڕێ نەدرێت و بۆ باخچە و گوڵ و رووەك لەناو ماڵدا بەكار بهێنرێت.

باس لەوە دەكرێ، ناكرێ وا تەماشای ئەو ئاوە بكرێ كە هێلكەی پێ دەكوڵێنرێت، گوایە رێژەیەكەی كەمە و دواتر فڕێ بدرێت، راستییەكەی ئەو ئاوە بۆ ژینگەیەكی سەوز زۆر گرنگە، بەجۆرێك مادەی ئاسن لەخۆ دەگرێت كە بۆ رووەك زۆر بەسوودە، چونكە توێكڵی هێلكە دەوڵەمەندە بە كالسیۆم، بۆیە دوای كوڵاندنی هێلكە، ئاوەكەی دروست وەك پەیینی كیمیایی لێ دێت و بۆ رووەك زۆر بەسوود دەبێت. بۆیە ئەو ئاوە بە هاوڕێی ژینگە ناو دەبرێت.

پێگەكە ئاماژەی بەوە داوە كە ئەو كالسیۆمەی لە توێكڵی هێلكەدا هەیە، بۆ ترشەڵۆكی خۆڵ بەسوودە، بۆیە كاتێك ئاوی هێلكەی كوڵاو دەخرێتە سەر رووەك، رووەكەكە رەگەزە خۆراكییەكەی لێ وەدەگرێت و هەڵیدەمژێت، بەوەیش زۆر زیاتر گەشە دەكات و پێدەگات. بەتایبەتی بۆ پێگەیشتنی تەماتە و بیبەر زۆر گرنگ و بەسوودە.

دواتریش باس لەوە دەكرێ دوای ئەوەی هێلكە دەكوڵێنرێت، ماوەیەك ئاوەكەی دابنێن تا سارد دەبێتەوە، دواتر دەتوانن باخچە یان ئەو رووەكانەی لە ماڵدا هەن، بەو ئاوە ئاو بدەن یان بەسەریاندا بیپرژێنن. ئەوكات ئەنجامەكەی دەبینن كە باخچە و رووەكەكان زۆر بە خێرایی گەشە دەكەن.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د