له درێژه‌ی ڕووداوه‌كانی پرۆسه‌ی ئاڵۆگۆری ده‌سه‌ڵات و هاتنه سه‌ر حوكمی تره‌مپ و پڕكردنه‌وه پۆسته باڵاكانی، جۆن بۆڵتن له كتێبه‌كه‌ی باس له زۆر ورده‌كاری تر ده‌كات و خۆیشی به خۆشحاڵ ده‌زانێ كه له ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌ته‌كه ماوه‌ته‌وه و پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێ نه‌دراوه و جێگره‌كه‌یشی ڕه‌ت كرده‌وه، چونكه له‌و بڕوایه‌دایه كه ئه‌و قسه‌یه زۆر دروسته بۆ تره‌مپ، كه ئه‌و له منداڵێكی 11 ساڵان ده‌چێ و خۆی پێ ڕاسته و ده‌یه‌وێ كه‌سایه‌تی خۆی بسه‌لمێنێت.
له دوای جه‌ژنی سوپاسگوزاری ساڵی 2016ه‌وه‌یش بابه‌تی بوونم به وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا زۆر گه‌رم بوو، ڕۆژنامه‌ی واشنتن پۆست له‌سه‌ری نووسی و لۆبی هه‌موو وڵاتان له واشنتن كاریان له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرد، من ببم به وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، منیش هه‌رچه‌نده پرۆسه‌كه هێشتا یه‌كلایی نه‌ببووه‌وه، به‌ڵام خه‌ریكبوو گومانم نه‌مێنێت و له‌و بڕوایه‌دا نه‌بووم، سه‌رۆك ئه‌و هه‌موو فشار و بۆچوونی نوێنه‌رانی ئه‌و هه‌موو وڵاته ڕه‌ت بكاته‌وه، له كاتێكدا خۆیشی سه‌رسامی خۆی بۆ بوونی من به وه‌زیری ده‌ره‌وه ده‌ربڕیوه.
دواجار چارلز كراوسمر كه ڕه‌خنه‌گرێكی سه‌رسه‌ختی تره‌مپ بوو پێی گوتم، كه من پێشتر زۆر هه‌ڵه‌بووم له پێناسه‌كردنی تره‌مپ، له ڕاستیدا ڕه‌وشته‌كانی ئه‌و له منداڵێكی 11 ساڵان ده‌چێت، بۆیه به ئومێدی ئه‌وه مه‌به، چونكه وه‌ك ڕواڵێكی تازه پێگه‌یشتوو كه هه‌ست به كه‌سایه‌تی خۆی ده‌كات، هه‌ر ده‌یه‌وێ به ته‌نیا خۆی بڕیار بدات و بڕیاره‌كانیشی له به‌رژه‌وه‌ندی باشی خۆیدا ده‌بێ به ته‌نیا، ئه‌مه تێڕوانینێكی دروست بوو، كاتێك بیرم له چۆنیه‌تی دانانی به‌رپرسانی حكوومه‌ته‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ كرده‌وه.
یه‌كێك له به‌رپرسه گه‌وره‌كانی پارتی كۆماریش پێی گوتم، ئه‌گه‌ر بمه‌وێ ببمه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ده‌بێ وا هه‌وڵ بده‌ی كه دوا كه‌س بی به‌رانبه‌ر تره‌مپ بوه‌ستیته‌وه، هه‌رگیز ڕه‌خنه‌ی لێ نه‌گریت. دواتر مایك پێنسی جێگری سه‌رۆك داوای كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فره‌وانی له واشنتن كرد، من پێشتر له‌وكاته‌ی له لیژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی كۆنگرێس بوو، له‌گه‌ڵ پێنس دۆستایه‌تیم هه‌بوو و به ڕوونی ده‌مزانی بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و له‌باره‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسه‌تێكی به‌هێزی ده‌ره‌وه بۆ ئه‌مه‌ریكا به‌لایه‌وه زۆر گرنگه، به‌ڵام تووشی شۆك بووم، كاتێك قسه‌كانیم بیست له‌باره‌ی كاندیدكراوانه‌وه تووشی سه‌رسڕمان بووم، كه دووپاتی له‌وه كرده‌وه هه‌موو شتێك هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێ و هه‌ڵسه‌نگاندنی سه‌رۆكیش له هه‌مووانه‌وه گرنگتره، به‌وهۆیه‌وه رۆبه‌رت جولیانی له كێبه‌ركێی وه‌زیری ده‌ره‌وه به ته‌واوی كشایه‌وه. كاندیده دیاره‌كان بۆ وه‌رگرتنی پۆسته باڵاكان هه‌موو دیاربوون، به‌ڵام دواجار زۆرینه‌ی ڕه‌هایان ڕه‌تكرانه‌وه كاتێك گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ پێنس ده‌كرد و ئه‌ویش بڕیاری تره‌مپی پێ ده‌گوتن به شێوه‌یه‌كی نه‌رم و شێنه‌یی، وه‌كوو جێب هینسارلینگ كه له نێو ئه‌مه‌ریكییه‌كان به باشترین كه‌س داده‌نرا بۆ وه‌زیری گه‌نجینه، كاسی ماكمۆریس رۆدگریز نه‌بوو به وه‌زیری ناوخۆ، سكۆت براوت نه‌بوو به وه‌زیری جه‌نگاوه‌ره دێرینه‌كان.
له یه‌كه‌م دیدار به تره‌مپم گوت كه من له پێناو كه‌سه‌كان كار ناكه‌م و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی وڵات پۆست وه‌رده‌گرم
من بۆ ماوه‌ی 30 خوله‌ك له‌گه‌ڵ پێنس گفتوگۆیه‌كی نه‌رممان كرد و ڕوانینی خۆم بۆ خسته ڕوو، كه دواتر چه‌ندان جاریش بۆ تره‌مپ دووباره‌م كرده‌وه، كه ئه‌ویش نموونه‌یه‌كی سه‌رۆك ترومان بوو، كاتێك له ئاكشیسۆنی پرسی بوو، پێوه‌ندی سه‌رۆك و به‌رپرسه‌كانی حكوومه‌ته‌ی چۆن پێناسه ده‌كه‌یت، ئه‌ویش له وه‌ڵامدا گوتی، له ڕێی هه‌ڵسه‌نگاندنی كاری باشه‌وه، نه‌ك وه‌ك سه‌رۆك و ژێر ده‌سته.
تره‌مپ جیمس ماتیسی وه‌ك وه‌زیری به‌رگری له یه‌كی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ر ڕاگه‌یاند، منیش له‌و ڕۆژه گه‌یشتمه تره‌مپ تاوه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵی كۆ ببمه‌وه، وه‌ك هه‌موو كات له دیداره‌كانی دوا ده‌كه‌وێ و پابه‌ندی كاتی دیارییكراو نابێت، جیا له‌من چه‌ندانی تر چاوه‌ڕێیان ده‌كرد، كه بریتی بوون له سیناتۆر و كۆنگرێسمان و بۆب گیتسی وه‌زیری به‌رگری پێشوو، گیتس له‌وێ بوو بۆ ئه‌وه‌ی فشار له‌سه‌ر تره‌مپ بكا، تا ریكس تیلرسن وه‌ك وه‌زیری وزه یان وه‌زیری ده‌ره‌وه دیاریی بكات، به‌ڵام وه‌ڵامێكی ڕوونی وه‌رنه‌گرت.
پاشان من چوومه نووسینگه‌ی تره‌مپه‌وه، له‌وێ راینس بریپۆس كه بوو به سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری كۆشكی سپی و ستیڤ بانۆن بوو به سه‌رۆكی به‌ڕێوه‌بردنی ستراتیجی، گفتوگۆمان له سه‌ر چه‌ند خاڵێكی گه‌رمی جیهان كرد، وه‌كو ڕووسیا و چین و تیرۆر و بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كی ئه‌تۆمی له جیهان، من زۆرتر قسه و بۆچوونی خۆم ده‌خسته ڕوو و تره‌مپ به وردی گوێی ده‌گرت و نه به ته‌له‌فۆن و به هیچ شتێكی تره‌وه سه‌رقاڵ نه‌بوو، تا دواتر ئیڤانكا تره‌مپی هات و به هۆكارێكی خێزانی كه‌مێك ڕۆیشته ده‌ره‌وه، ڕه‌نگه ئه‌مه‌یش تاكتیكێكی خودی تره‌مپ بێت.
زۆر هه‌وڵدرا به جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه ده‌ستبه‌كاربم، به‌ڵام به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕه‌تم كرده‌وه
دانیشتنه‌كه زیاتر له سه‌عاتێكی خایاند و تره‌مپ دوای ته‌واوبوونی قسه‌كانی من پرسی و گوتی، ئێسته ئێمه قسه له‌باره‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه ده‌كه‌ین، به‌ڵام تۆ ده‌توانی بیر بكه‌یته‌وه له‌باره‌ی پۆستی جێگری وه‌زیر؟ منیش گوتم نه‌خێر، ده‌وڵه‌ت ناتوانرێ به‌مشێوه‌یه بۆ ئاستێكی سه‌ركه‌وتوو ببرێ، جیا له‌وه‌یش من هه‌ست به ئارامی ناكه‌م له كاركردن، كاتێك له پێناوی كه‌سێك كار بكه‌م، نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی وڵات، به‌مشێوه‌یه دیداره‌كه كۆتایی پێهات و تره‌مپ ده‌ستی خسته ده‌ستم و گوتی، من دڵنیام به‌یه‌كه‌وه ده‌توانین كار بكه‌ین.
دوای ئه‌وه له ژووری كۆبوونه‌وه بچووكه‌كان من و پریبوس و بانۆن دانیشتین و هه‌ردووكیان دووپاتیان كرده‌وه، كه گفتوگۆكه زۆر باش بووه و بانۆن گوتی، تره‌مپ پێشتر هه‌رگیز له‌لایه‌ن كاندیدانی تری پۆسته‌كانه‌وه گوێی له قسه‌ی به‌پێزی وه‌ك ئه‌وانه‌ی تۆ نه‌بووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش دا ئه‌وان گوتیان بیر له جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه مه‌كه‌وه، ده‌بێ تۆ پۆستێكی باڵا وه‌ربگریت و له‌و ڕووه‌وه‌یش گه‌شبینی خۆیان دووپات كرده‌وه.
ڕۆژی دواتر تره‌مپ له‌باره‌ی پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه دیداری له‌گه‌ڵ تیلرسن كرد و من یه‌كه‌مجاربوو بزانم ناوی تیلرسن بۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه به‌رز كراوه‌ته‌وه و بیرم كرده‌وه، كه بۆچی ئه‌وان ده‌یانه‌وێ كه جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه قبووڵ بكه‌م، دواجار ئه‌وه‌یشم زانی، كه ئه‌و له ترسی ناڕه‌زایی دیموكراته‌كان له‌باره‌ی من ساردبووه‌ته‌وه، چونكه به‌شێك له دیموكراته‌كان دژی بوونی من بوون به وه‌زیری ده‌ره‌وه، به‌ڵام هه‌ریه‌ك له جۆن مه‌كین و لیندسی گراهام و كۆری گاردنه‌ر دووپاتیان كرده‌وه كه ده‌توانن به‌سه‌ر ئه‌وانه زاڵ بن كه به‌رهه‌ڵستی من ده‌كه‌ن.
له 13ی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ر تره‌مپ تیلرسنی وه‌ك وه‌زیری ده‌ره‌وه ڕاگه‌یاند و سه‌ره‌ڕای فشاره‌كان، بۆ بوون به جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه، به‌ڵام من ڕه‌تم كرده‌وه، ئه‌و بژاره‌یه‌ی تره‌مپیش ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری دروست كرد، به تایبه‌ت كه پرسی ده‌ستوه‌ردانی ڕووسیا له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ریكا زۆر گه‌رم بوو و تیلرسنیش دۆستی ڤلادیمێر پوتین بوو، بۆیه تره‌مپ ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌ی زۆر بووه‌وه، دانانی ئه‌میش هێنده‌ی تر گومانه‌كانی زۆر كرد.
له‌وكاته‌وه هه‌ستم كرد كه ده‌ستوه‌ردانی بیانی له كاروباری وڵاته‌كه‌مان پێی ناوه‌ته دۆخێكی ترسناكه‌وه، بۆیه هێنده‌ی تر سووربووم له‌سه‌ر ڕه‌تكردنه‌وه‌ی جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، له‌سه‌ر ئه‌مه‌یش جۆن مه‌كین له سه‌ره‌تاكانی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ر كه یه‌كمان بینی سوپاسی كردم و گوتی، به دڵنیاییه‌وه تۆ پیاوێكی خاوه‌ن بنه‌ما و به هێزی، ئه‌گه‌ر تره‌مپیش هه‌ستی به‌وه بكردایه هه‌رگیز په‌شیمان نه‌ده‌بووه‌وه.
كێشه‌كه هه‌ر له‌سه‌ر وه‌زیری ده‌ره‌وه و جێگره‌كه‌ی نه‌بوو، كه من دووه‌میانم ڕه‌ت كرده‌وه، به‌ڵكوو له وه‌زاره‌تی به‌رگریش هه‌مان گرفت هه‌بوو، دوای دیارییكردنی جێمس ماتیس بۆ وه‌زیری به‌رگری، ئه‌و به هه‌موو توانایه‌وه هه‌وڵی ده‌دا میشێل فلۆرنۆی بكاته به‌رپرسێكی باڵای وه‌زاره‌تی به‌رگری، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی فلۆرنۆی له حزبی دیموكرات بوو، ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره‌ی كۆمارییه‌كان بووه‌وه، دواجار ماتیس فشاری كرد كه پاترسۆن ئه‌فسه‌رێكی بواری دیپلۆماسی ببێته بریكاری وه‌زاره‌تی به‌رگری بۆ كاروباری سیاسی، به‌ڵام كۆمارییه‌كان ئه‌مه‌یشیان ڕه‌ت كرده‌وه و دواجار ماتیس له هه‌موو هه‌وڵه‌كانی شكستی هێنا.
به‌مشێوه‌یه پرۆسه‌ی دانانی پۆسته‌كانی حكوومه‌تی نوێی ئه‌مه‌ریكا به سه‌رۆكایه‌تی تره‌مپ به‌رده‌وامی هه‌بوو و دواجاریش كه هه‌موو شتێك ته‌واو بوو، من به‌خۆمم ده‌گوت، من ئێسته زۆرباشم كه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و حكوومه‌ته‌م، چونكه به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌و جۆره ڕێبازه شكستخواردووه‌م ناكه‌وێته ئه‌ستۆ كه تره‌مپ باوه‌ڕی پێیه‌تی و ده‌یگرێته‌به‌ر.