"هەوڵی راكێشانی كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكانی ئیمارات دەدرێت"

:: PM:07:45:25/01/2022 ‌

 حكوومەتی هەرێمی كوردستان تەواوی هەوڵەكانی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ بووژاندنەوەی هەموو كەرتەكانی ژیان لە هەرێم و بردنە پێشی بۆ ریزی وڵاتە پێشكەوتووەكان، هاوكات هەوڵی فرەوانكردنی سەرچاوەی داهات و كردنەوەی بوار بۆ وەبەرهێنانی دەرەكی دەدات، بەتایبەتی كۆمپانیا رەسەن و نێودەوڵەتییەكان، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان رای گەیاند كە بەم نزیكانە كۆمپانیا ئیماراتییەكان وەبەرهێنان لە كوردستان دەكەن.
شاندێكی كۆمپانیا ئیماراتییەكان سەردانی هەرێم دەكەن بۆ ئاشنابوون بە هەلی كارەكانی هەن
محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان روونی كردەوە، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكانی لە ئەبوزەبی لە ئیمارات لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە بەردەوامە، چەندان كۆبوونەوەیش بۆ راكێشانی گەورە كۆمپانیاكانی ئیمارات كراوە بە مەبەستی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان. 

ئەو بەرپرسە دووپاتی كردەوە كە ئیمارات بە كردەنی بەشداری لە وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان دەكات، شوكری ئەوەیشی ئاشكرا كرد كە لە ماوەی كەمی داهاتوودا شاندێكی كۆمپانیا ئیماراتییەكان سەردانی هەرێم دەكەن كە تایبەتمەندن لە بوارەكانی كشتوكاڵ و وزەی بەردەوام، بۆ ئاشنابوون بە هەلی كارەكانی لەو بوارانە لە هەرێمی كوردستان هەن.  

لەبارەی گرنگیی سەردانەكەی ئەمڕۆی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئیمارات، شوكری روونی كردەوە، سەردانەكە كاریگەری و لێكەوتی ئەرێنی لەسەر ئاستەكانی سیاسی و ئابووری دەبێت و ئەو ئەنجامانەیش بەم نزیكانە لەسەر ئەرزی واقیع دیار دەكەون، ئاماژەیشی كرد كە وەبەرهێنەرانی ئیماراتی خواستی وەبەرهێنانیان لە چەندان بوار هەیە لەوانە كشتوكاڵ و پیشەسازی و دروستكردنی بەنداو و وزەی بەردەوام. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل