به‌پێی ئه‌و داتایانه‌ی له‌لای وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، ئه‌وانه‌ی كه خۆیان تۆماركردووه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه گشتییه‌كان، زه‌وی داچێنراو به فستق له هه‌رێمی كوردستان ده‌گاته نزیكه‌ی 200 دۆنم، به‌ڵام ئاماره‌كان زۆر زیاترن له‌وه‌ی كه هه‌یه، چونكه به‌شێك له باخه‌وانان ئه‌وانه‌ی باخی فستقیان هه‌یه خۆیان تۆمار نه‌كردووه.
هیشام عه‌بدولخالق به‌ڕێوه‌به‌ری پلاندانان له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، به "وشه"ی راگه‌یاند، به‌رهه‌می فستق له هه‌رێمی كوردستان ساڵ به ساڵ له زیادبوونه، ساڵانه باخی نوێ به فستق ده‌چێنرێن، هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوی باشی ناوه له‌و به‌رهه‌مه، به‌ڵام نه‌گه‌یشتووینه‌ته ئاستێكی به‌رز.
ده‌بێت 10 بۆ 15 ساڵی داهاتوو چاوه‌ڕوان بكه‌ین
" ئه‌و داتایانه‌ی لای ئێمه هه‌یه، له هه‌رێمی كوردستان زه‌وی داچێنراو به فستق نزیكه‌ی 200 دۆنمه، به‌ڵام ئێمه ده‌زانین له‌وه زیاتره، چونكه زۆرێك له باخه‌وانه‌كان خۆیان تۆمارنه‌كردووه، هه‌روه‌ها به‌رهه‌می ساڵانه‌یش ئه‌وه‌ی لای ئێمه تۆماركراوه 100 تۆن فستقه" به‌رپرسه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ وای گوت.
داری فستق پێچه‌وانه‌ی داره‌كانی تر به هێشوو ده‌یگرێت، هه‌روه‌ها دوای ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵی ده‌گاته به‌رهه‌م و به‌رهه‌مێكی زۆر باشی هه‌یه، ده‌توانێت تا ته‌مه‌نی 100 ساڵی به‌رهه‌م بدات، به‌رزیه‌كه‌ی له چوار مه‌تر بۆ 10 مه‌تر ده‌بێت، له‌و دارانه‌یه كه دوو جۆر ره‌گه‌زی هه‌یه و نێر و مێ و پشت به موتربه‌كردن ده‌به‌ستێت و داره‌مێیه‌كان به‌رهه‌می فستقیان هه‌یه.
له هه‌رێمی كوردستان باخی فستق هه‌یه سه‌روو 25 هه‌زار داری فستقی تیایه و به‌رهه‌می ساڵانه‌ی ده‌یان تۆن ده‌بێت.
سه‌باح مه‌حموود خاوه‌نی نه‌مامگه‌ی فستقی قه‌شان و خاوه‌نی باخی فستق له ماوه‌ت، به "وشه"ی راگه‌یاند، داری فستق و كاركردن له‌و بواره بۆ هه‌رێمی كوردستان شتێكی نوێیه، چه‌ند ساڵێكی كه‌مه باخه‌وانانی هه‌رێمی كوردستان روویان له چاندن و به‌رهه‌می فستق كردووه.
ئه‌و روونی كرده‌وه كه ده‌بێت 10 بۆ 15 ساڵی داهاتوو چاوه‌ڕوان بكه‌ین ئه‌و كات ده‌گه‌ینه به‌رهه‌مێكی باشی فستق.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، ساڵانه سه‌روو شه‌ش هه‌زار نه‌مامی فستق به‌رهه‌م ده‌هێنین، ساڵ به ساڵ خواست له‌سه‌ر نه‌مامی فستق زیاتر ده‌بێت و خه‌ڵك روو له چاندنی ئه‌و به‌رهه‌مه ده‌كه‌ن.
جه‌لیل شه‌مسه‌دین به‌ڕێوه‌به‌ری باخداری له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كشتوكاڵی پارێزگای سلێمانی، به "وشه"ی راگه‌یاند، له‌به‌رئه‌وه‌ی خاوه‌ن باخه‌كانی فستق هیچ پێوه‌ندییه‌كیان له‌گه‌ڵ ئێمه نییه، به‌رهه‌می ساڵانه نازانین ده‌گاته چه‌ند، به‌ڵام زه‌ویه‌كی فراوان له سلێمانی و ده‌وروبه‌ری به فستق داچێنراوه.
هێمای بۆ ئه‌وه كرد، به‌رهه‌م له ناوخۆ ساغده‌كرێته‌وه، چونكه له پێویستی ناوخۆ كه‌متره، خاوه‌ن باخ هه‌یه به‌رهه‌مه‌كه‌ی ده‌بات بۆ شاره‌كانی خوار و ناوه‌ڕاستی عێراق.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی