حكوومەتی هەرێم هەنگاوی گەورەی لە بواری كۆكردنەوەی داهاتی ناوخۆ هەڵگرتووە

:: PM:02:32:05/08/2022 ‌
كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەرەتای دەستبەكاربوونیەوە هەنگاوی جدی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لە سەرجەم سێكتەرەكاندا هەڵگرتووە و تا ئێستەش كاری زۆر باشی لەو بوارەدا كردووە.

ئەمڕۆ هەینی پێنجی ئاب، فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوی كردووەتەوە، چاكسازییەكان كاریگەری زۆری لەسەر كەمكردنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی داهاتەكان هەبووە، بە تایبەت لە بواری باج و گومرگ و لە ئێستەشدا داهاتی باج و گومرگ بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو چەند بەرانبەر زیادبووە، بەبێ ئەوەی هیچ بڕێك لە وەرگرتنی باج زیاد كرابێت. 

باس لەوەش كراوە، بەپێی داتاكان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، داهاتی گومرگ چەند بەرانبەر زیادیكردووە.

 لە ساڵی 2016 داهاتی گومرگ 0.563 تریلیۆن دینار بووە، لە ساڵی 2017 بووە بە 0.746 تریلیۆن دینار و لە ساڵی 2018 زیادی كردووە بۆ 0.956 تریلیۆن دینار و لە ساڵی 2019 بڕەكە بووە بە  1.566 تریلیۆن دینار و لە ساڵی 2020 بڕەكە بووە بە 1.408 تریلیۆن دینار و لە ساڵی 2021 بۆ 1.691 تریلیۆن دینار زیادی كردووە و لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی2022یش داهاتی گومرگی هەرێمی كوردستان 0.848 تریلیۆن دینار بووە.


وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات هۆكارەكانی زیاد بوونی داهاتی گومركی بۆ چەند خاڵێك گەڕاندووەتەوە كە ئەوانیش: 
•  ئازادكردنی كاری بازرگانی و تڕانزێت. 
•  نەهێشتنی قۆرخكاری. 
•  بەئەلیكترۆنیكردنی سیستەمی گومرگ لە دەروازە و فڕۆكەخانەكان. 
•  كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری گومرگ.

سەبارەت بە زیادبوونی داهاتی باجیش كە هیچ گۆڕانكاریەك لە بڕەكەی دا نەكراوە، بەڵام لە ساڵانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داهاتی باج بەشێوەیەكی بەرچاو زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە ئەوەش بەهۆی رێكخستنەوەی باج و پابەند كردنی كۆمپانیا گەورەكان بە پێدانی باج.  

بەپێی ئامارێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2016 دا داهاتی باج 179 ملیار دینار بووە، لە ساڵی 2017 دا ئەو بڕە بۆ 206.6 ملیار دینار و لە ساڵی 2018 بۆ 308.5 ملیار دینار و لە ساڵی 2019 دا بۆ 627.4 ملیار دینار زیادی كردووە، بەڵام لە ساڵی 2020 بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا بڕەكەی بۆ  578 ملیار دینار كەمبووەتەوە و لە ساڵی 2021 یشدا بووە بە 796.2 ملیار دینار و تەنیا لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2022 یش 418.8 ملیار دینار داهاتی باج لە هەرێمی كوردستان كۆكراوەتەوە. 

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان زیادبوونی داهاتی باج بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێنێتەوە لەوانەش: 
•  هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونە نایاساییەكان. 
•  میكانیزمی نوێ بۆ رێگری كردن لە پێدانی باج. 
•  دەركردنی رێنوێنیی و دیاریكردنی سزا.
•  جێبەجێكردنی یاسای باج وەك خۆی. 




وشە - رامیار جەواد