پارەیەكی زۆر دابەش دەكرێ

:: AM:09:34:06/08/2022 ‌
بڕیارە ئەم هەفتەیە پارەیەكی زۆر بگاتە هەرێمی كوردستان و دەست بكرێ بە دابەشكردنی و بڕەكەشی زیاتر لە 300 ملیار دینارە.

دوای هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بوونی بەڵگەی تەواو لەسەر نەدانی پارەی جووتیاران بۆ ساڵی 2014 و 2015 و 2016، عێراق ناچار بوو بە ناردنی ئەو پارەیە، لە كۆتایی ساڵی رابردوو نیوەی ئەو پارەیەی نارد، بڕیارە ئەم هەفتەیەش نیوەكەی تر بنێرێ.

ئێستە ئەو بڕە پارەیەی جووتیاران لای حكوومەتی عێراق بوو پێمان دەدرێتەوە.
ئەمڕۆ شەموو شەشی ئاب، شێروان محەمەد نوێنەری جووتیاران كە پارەی سێ ساڵی گەنمیان لای حكوومەتی عێراقە، بە "وشە"ـی راگەیاند، خۆشبەختانە دوای هەوڵەكانی حكوومەت، ئێستە ئەو بڕە پارەیەی جووتیاران لای حكوومەتی عێراق بوو پێمان دەدرێتەوە.

زیاتر گوتی، سەرجەم جووتیاران بەڵگەی تەواویان هەبوو ئەو پارەیەیان وەرنەگرتووە، هۆكارەكەشی بۆ گەندەڵی و ململانێی سیاسیی عێراقییەكان دەگەڕێتەوە كە ئەو مافەی ئێمە خورابوو.
 ‏
هەفتەی رابردوو كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، سەرەتای هەفتەی داهاتوو 100 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵەكانی 2014، 2015، 2016 دەگات، لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوو 208 ملیاری تریش دەگاتە دەستمان و تەواوی پارەكە كە 308 ملیار دینارە دابەش دەكرێت. 
 
وەزیری بازرگانی لەبارەی پارەی گەنمی ئەمساڵیشەوە گوتی، ئەمساڵ 103 ملیار و 159 ملیۆن دینار پارەی گەنمی جووتیاران دابەش كراوە و 160 ملیاری تریش هەفتەی داهاتوو دابەش دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد