هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا بۆ دوو هێندە هەڵکشا

:: PM:04:53:06/08/2022 ‌
تێکڕای هەناردەی رۆژانەی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا دوو هەفتە لەمەوبەر 165  هەزار بەرمیل بوو بەڵام ئێستە بۆ369 هەزار بەرمیل هەڵکشاوە.

فەرمانگەی وزەی ئەمەریکا بڵاوی کردەوە هاوردەی نەوتەکەی زیادی کردووە و هەفتەی رابردوو بە تێکڕا رۆژانە شەش ملیۆن و 196 هەزار بەرمیلی لە هەشت وڵاتی دنیا هاوردە کردووە.

ئەمەریکا لە کەنەدا رۆژانە سێ ملیۆن و 673 هەزار بەرمیل، لە مەکسیک 815 هەزار بەرمیل، لە سعوودیە 500 هەزار بەرمیل و لە کۆڵۆمبیاش 328 هەزار بەرمیل نەوتی هاوردە کردووە.

هیچ بڕە نەوتێکی لە رووسیاوە هاوردە نەکردووە.


ئەمەریکا بە قەبارەی کەمتر، لە هەر یەک لە وڵاتانی ئێکڤادۆر، بەڕازیلن و نایجریا نەوتی هاوردە کردووە و هیچ بڕە نەوتێکی لە رووسیاوە هاوردە نەکردووە.

ئەمەریکا بە گەورەترین وڵاتی بەکارهێنەری نەوت هەژمار دەکرێت و  رۆژانە 19 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوت بەکار دێنێت.

ئەو وڵاتە خۆی بە یەکێک لە وڵاتە گەورەکانی بەرهەمهێنەری نەوت هەژمار دەکرێت بەڵام ئەو نەوتەی بەرهەمی دەهێنێت بەشی ناکات و بۆیەش بەردەوام پێویستی بە نەوتی هاوردەکراو هەیە.


وشە - سلێمان تاشان