چوارچێوە: لە گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەت بەردەوامین

:: PM:07:38:07/08/2022 ‌

چوارچێوەی هاوئاهەنگی چاوێكی لەسەر پێكهێنانی حكوومەتە و چاوەكەیتری لەسەر موقتەدا سەدر، لە راگەیاندنەكان باسی هەوڵی پێكهێنانی حكوومەت دەكات و لەسەر زەویش دەیەوێت سەدر هێور بكاتەوە و دۆخەكە نەگاتە بنبەستی یەكجارەكی و شەڕ و رووبەڕووبوونەوە، پەرلەمانتارێكی چوارچێوە دەڵێت، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە هەوڵی پێكهێنانی حكوومەت بەردەوامە.

محەمەد بەلداوی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، لیژنەی گفتوگۆكاری چوارچێوە بە سەرۆكایەتی هادی عامری لە هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەت بەردەوامە، لەو ناوەدا دۆسییە زەحمەتەكان هەڵدەداتەوە بۆ گەیشتن بە خاڵی هاوبەش و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، لە ماوەی رابردوو هەڵوێستی هەندێك لایەنی سیاسی بەرانبەر بە پێشنیاز و دەستپێشخەرییەكانی چوارچێوە بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە نەرێنی بووە.
چوارچێوە دۆسییە زەحمەتەكان هەڵدەداتەوە بۆ گەیشتن بە خاڵی هاوبەش و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ
روونی كردەوە، چوارچێوە لیژنەیەكی بۆ زانینی خاڵەكانی ناڕەزایەتی ئەو لایەنانە پێكهێناوە و رێككەوتن لەسەر رەوتێكی كاری دیاریكراو و پەڕاندنەوەی وڵات بۆ كەناری ئارامی كراوە، چوارچێوە لە یەكەم رۆژی وەرگرتنی دۆسییەی پێكهێنانی حكوومەت و بوونی بە فراكسیۆنی گەورە، هەوڵی نەداوە هیچ لایەنێك فەرامۆش بكات و مافی كەس زەوت بكات، بە پێچەوانەی لایەنی تر.

شایەنی باسە بڕیارە دوای عاشوورا، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و سەركردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەردانی حەنانە، بارەگای موقتەدا سەدر لە نەجەف بكات، ئەگەرچی بەپێی زانیارییەكان ئەنجامی كۆبوونەوەی دوایی جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ موقتەدا سەدر ئەرێنی نەبووە و چوارچێوە لەسەر بنەمای ئەنجامی كۆبوونەوەكە هەنگاو داوێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل