هەفتەی داهاتوو شایستەی دارایی جووتیاران دەگاتە هەرێم

:: PM:09:25:11/08/2022 ‌

یەكێك لە كێشەكەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی عێراق، خەرجنەكردنی شایستە داراییەكانی جووتیارانی هەرێم بوو بۆ ساڵانی 2014 و 2015 و 2016، كە ئەو بابەتە بەهۆی پێوەستی بە ژیان و بژێوی هەزاران جووتیار و ماڵباتەكانیان، وەك بابەتێكی هەستیار و گرنگ مایەوە، بەڵام بە هەوڵی بەردەوامی نوێنەرانی كورد لە بەغدا خەریكە كێشەكە چارەسەر دەبێت.

د. شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە لاپەڕی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، دوا بە دوای نووسراومان ژمارە م.ن/340 و نووسراوی پاڵپشتیی وەزارەتی بازرگانی ژمارە 10065 بۆ نووسراومان، هەروەها زیاتر لە سێ كۆبوونەوە لەگەل هەردوو وەزارەتی بازرگانی و دارایی عێراق، دواجار شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێم بۆ ساڵەكانی 2014 و 2015 و 2016 خرایە سەر حیسابی وەزارەتی بازرگانی.
هەوڵی ئەوە دەدرا بۆ ئەمساڵ تەنیا 100 ملیار دینار لە كۆی 309 ملیار دینار رەوانە بكرێت
زیاتر دەڵێت، دوێنێ لە دوایین كۆبوونەوەمان لەگەل وەزیری بازرگانی، وا رێككەوتین بەوەی تەواوی ئەو برە پارەیە هەفتەی داهاتوو رەوانەی هەرێم بكرێت و دابەشی سەر جووتیاران بكرێت.

ئاشكرای كرد، بەداخەوە هەوڵی ئەوە دەدرا بۆ ئەمساڵ تەنیا 100 ملیار دینار لە كۆی 309 ملیار دینار رەوانە بكرێت، بەڵام ئەوەمان رەت كردەوە و دوا جار دەبێت هەموو ئەو پارەیە لە هەفتەی داهاتوو رەوانەی هەرێم بكرێت.







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل