وەزیری دارایی روونكردنەوە لەبارەی مووچە دەدات

:: AM:10:56:14/08/2022 ‌
نەبوونی پڕۆژەیاسای بودجە بە بۆچوونی شارەزایان، كاریگەریی لەسەر دابەشكردنی مووچەی ساڵی داهاتووی عێراق دروست دەكات، وەزیری دارایش دڵنیایی دەدات.

دوێنێ‌ جەمال ئەسەدی پسپۆڕی یاسایی عێراق لە تویتەر نووسیبووی، هیچ دەقێكی یاسایی نییە لە یاسایی بەڕێوەبردنی دارایی عێراقدا، رێ بدات بە خەرجكردنی پارە بۆ هیچ دامەزراوەیەكی دارایی، لە دەرەوەی یاسای بودجە و دوای كۆتاهاتنی ساڵی دارایی، بۆیە بە بۆشاییەكی یاسایی دەڕۆین و ئەگەر دۆخەكە بەمشێوەیە بمێنێتەوە، ئەگەری زۆرە حكوومەت نەتوانێ خەرجییە داراییەكانی ساڵی داهاتوو بە مووچەشەوە دابین بكات.

ئەمڕۆ یەكشەم 14ـی ئاب، شێروان سەمەد شارەزای ئابووری و ڕاوێژكاری پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە "وشە"ـی راگەیاند، عێراق هیچ ڕێچارەیەكی نییە تەنیا دووبارە بەكارخستنەوەی یاسای بودجەی 2020 بۆ ساڵی داهاتوو نەبێت.

ئەگەر بەبێ پەسندكردنی پڕۆژەیاسای بودجە بچنە ساڵی 2023وە، ئەوا بەپێی بودجەی ساڵی 2021 خەرجییەكان دەكەین
زیاتر گوتی، ئەوەی لە ساڵی 2020 بۆ 2021 بۆ 2022 هەبوو، دەبێت بۆ ساڵی 2023 بخرێتە بەرنامەی كاری حكوومەت، بەپێی ئەو یاسایەش دەبێ حكوومەتی عێراق بڕی ئەو 200 ملیار دینارە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت كە بە بڕیاری سیاسی راگیراوە.

لە ڕوونكردنەوەیەكی عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراقدا هاتووە، رەوشی سیاسی كاریگەریی لەسەر پێدانی مووچە دروست ناكات.

وەزیری دارایی عێراق رای گەیاندووە، ئەگەر بەبێ پەسندكردنی پڕۆژەیاسای بودجە بچنە ساڵی 2023وە، ئەوا بەپێی بودجەی ساڵی 2021 خەرجییەكان دەكەین، بەڵام بەبێ بوونی بودجە، حكوومەت ناتوانێ پڕۆژە و وەبەرهێنانی نوێ ئەنجام بدات.





وشە - رامیار جەواد