قوتابییەك كە تەمەنی 99 ساڵە كۆچی دوایی كرد

:: PM:01:27:20/11/2022 ‌
ژنێكی كینی كە تەمەنی گەیشتووەتە 99 ساڵ و قوتابی بووە، بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد. پیشەوەرانی بواری سینەما دەیانەوێ ژیانی لە فیلمێكدا جێ بكەنەوە.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ یەكشەم 20ی تشرینی دووەم، مردنی ئەو ژنەی بڵاوی كردووەتەوە كە تەمەنی گەیشتە 99 ساڵ و قوتابی بووە. رای گەیاندووە كە بەهۆی نەخۆشییەوە لە چوارشەمی رابردوو دۆخی تێكچووە، دواتریش دوێنێ لەناو ماڵەكەی خۆی لە كینیا كۆچی دوایی كردووە.

ئەو ژنە ناوی "پرسیلا سیتینی"یە و لەو تەمەنەدا قوتابیی بنەڕەتی بووە و لە پۆلی شەش بووە. هەفتەی رابردوو تاقیكردنەوەی كردووە و دەوامی ئاسایی خۆی كردووە.

لەبەرئەوەی تەمەنی گەورە بووە و ویستی بۆ خوێندن هەبووە، پیشەوەرانی بواری سینەما لەو وڵاتە، ئاماژەیان داوە كە بۆ داهاتوو دەیانەوێ ژیانی پرسیلا لەناو فیلمێكی سینەماییدا جێ بكەنەوە، چونكە لەلایەن یونیسكۆوە خەڵات كرا بەوەی گەورەترین قوتابییە لەڕووی تەمەنەوە.

پرسیلا ساڵی رابردوو بۆ یونیسكۆ گوتبووی، ئەو كە بەو تەمەنەوە قوتابییە، دەیەوێ هانی ئەو كچ و ژنە گەنجانە بدات كە تا ئێستە نەیانیستووە بخوێنن. 

زیاتر گوتوویەتی، دەمەوێ هاندانەكە تەنیا بۆ كچ و ژنانی وڵاتەكەی خۆم نەبێت بە تەنیا، بەڵكو بۆ هەموو كچ و ژنانی دنیایە كە ناچنە قوتابخانە، پێیان دەڵێم ئەوانەی ناخوێنن، لەگەڵ مریشكێك جیاوازییان نییە.

پێشتر پرسیلا نەخوێندەوار بوو، لە ساڵی 2010 چووەتە قوتابخانە تا بتوانێ بخوێنێ و بنووسێت، پێشتریش لەناو گوندەكەیان بۆ ماوەی 65 ساڵ مامان بووە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د