وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رای ده‌گه‌یه‌نێت، مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان فه‌رمانی به هه‌موو دامه‌زراوه‌كان كردووه، چیان پێ ده‌كرێ بۆ هاوكاری لێقه‌وماوانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی بكه‌ن.
به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌م بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك به گوڕی 7.8 به پێوه‌ری رێخته‌ر توركیای هه‌ژاند و كاریگه‌رییه‌كی وێرانكه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و وڵاته و سووریا جێهێشت، كه به‌پێی دوایین زانیارییه‌كان، زیانه گیانییه‌كان له‌و دوو وڵاته گه‌یشتووه‌ته زیاتر له 10 هه‌زار كوژراو و بریندار، زیانه مادییه‌كانیش گه‌یشتووه‌ته زیاتر له ملیارێك دۆلاری ئه‌مه‌ریكی.
سه‌رباری هاوخه‌می ده‌ربڕین له‌لایه‌ن سه‌رۆك بارزانی و سه‌ركرده سیاسییه‌كانی كورد، له‌سه‌ر راسپارده‌ی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕیاردرا هاوكاری و كۆمه‌كی مرۆیی ره‌وانه‌ی توركیا بكرێت.
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رای گه‌یاند، به راسپارده‌ی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه فه‌رمانی به گشت داوده‌زگاكانی حكوومه‌ت كردووه، هه‌رچی له توانادایه به‌رده‌ستی بكه‌ین و ره‌وانه‌ی ئه‌وبه‌ری سنووری بكرێت.
وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌م شه‌شی شوبات، له‌كاتی به‌ڕێكردنی كاروانه‌كانی هاوكاری بۆ توركیا له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی گوتی، له‌لایه‌ن توركیاوه داوا له هه‌رێمی كوردستان كراوه تیمی ته‌ندروستی و جه‌ی سی سی بۆ هاوكاریكردنی لێقه‌وماوان و رزگاركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ژێر باڵه‌خانه رووخاوه‌كاندا ماونه‌ته‌وه ره‌وانه‌ی ئه‌و وڵاته بكه‌ین.
دووپاتی له‌وه‌یش كردووه كه ناردنی هاوكارییه‌كانی بۆ لێقه‌وماوانی بوومه‌له‌رزه‌كه به‌رده‌وام ده‌بێت.