بارانبارین دەستی پێ‌ دەكات و 70 ملم دەبارێ‌

:: PM:01:31:14/03/2023 ‌
شارەزایەكی كەشناسی رای دەگەیەنێت، شەپۆلی بارانبارین لە هەرێمی كوردستان دەستی پێ‌ كرد و پێشبینی دەكرێ‌ لە ماوەی 48 سەعاتی داهاتوودا 70 ملم باران ببارێ‌.

ئاراس جەبار شارەزای كەشناسی بڵاوی كردووەتەوە، سبەی لە ئەنجامی كاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و سوور لەسەر ناوچەكانمان، ئاسمانی هەرێمی كوردستان بە زۆری دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور، لە كاتەكانی بەیانییەوە سەرەتا تاوەباران و هەورەبروسكە لە ناوچەكانی سنووری پارێزگای دهۆك و مووسڵەوە دەست پی َدەكات، لە نێوان كاتەكانی نیوەڕۆ بۆ ئێوارە كاریگەریی چالاكتر دەبێت.

باسی لەوەش كردووە، لە ئێوارەدا بارانەكە بۆ لێزمەباران و ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو دەگۆڕێ‌، لە ناوچە نزمەكانی سنووری پارێزگای دهۆك و بەتایبەت مووسڵ، لە كاتەكانی ئێوارە و شەودا كاریگەریی ئەم ناسەقامگیرییە درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچەكانی سنووری پارێزگای هەولێر، كەركووك، سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین، لە زۆربەی ناوچەكان هەورەتریشقە چالاك دەبێت.

روونی كردووەتەوە، كاریگەریی ئەو شەپۆلە بە جۆرێك دەبێت، ناوبەناو لێزمەباران و تەرزە بە ڕێژەی جیاواز و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە نزماییەكاندا، پلەكانی گەرما بۆ پێنجشەم دوو پلە بەرزتر دەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەش كردووە، زۆرترین رێژەی بارانی پێشبینیكراو لە ماوەی كاریگەریی ئەم شەپۆلەدا، لە سنووری پارێزگای دهۆك، هەولێر و مووسڵ دەبێت، بە جیاوازیی ناوچەكان لە نێوان 20 تا 70 ملم دەبێت.

لەبارەی كۆتاهاتنی ئەو شەپۆلە روونی كردووەتەوە، بۆ رۆژی پێنجشەم كاریگەریی ئەم نزمەپاڵەپەستۆیە بە شێوەی بارانی زستانەیی و پچڕپچڕ، بە ڕێژەی ناوەند لەسەر ناوچەكانمان دەمێنێتەوە، لەگەڵ هاتنی بارستەهەوایەكی سارد و نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما بەڕێژەی شەش تا هەشت پلە و بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییە بەرزەكاندا، لە كاتەكانی ئێوارەدا كۆتایی پێ دێت.



وشە - رامیار جەواد