بانكی ناوەندی ملیارێك دۆلاری فرۆشتووە و بەهای دیناریش بەرز نابێتەوە

:: AM:11:06:18/03/2023 ‌
بانكی ناوەندیی عێراق لە هەفتەی رابردوودا، سەرووی ملیارێك دۆلاری فرۆشتووە، ئەمەیش لەدوای ئەو گۆڕانەی بەسەر بەهای دۆلار و دیناردا هاتووە، پێشبینی دەكرێ دۆخی خستنەڕووی دۆلار لە لایەن بانك بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی، بەڵام هێشتا بەهای دینار نزمە.

ئەمڕۆ شەموو 18ی ئادار، بانكی ناوەندی عێراق لە رۆژی یەكشەم تا پێنجشەمی هەفتەی رابردوو، سەرووی ملیارێك و 56 ملیۆن و 998 هەزار و 484 دۆلاری فرۆشتووە.

فرۆشی بانك بە تێكڕا رۆژانە 211 ملیۆن و 399 هەزار و 696 دۆلار بووە، رێژەی 19.61% بەرز بووەتەوە، لە كاتێكدا لە هەفتەی رابردوو بەتێكڕا رۆژانە 176 ملیۆن و 741 هەزار و 692 دۆلار بووە.

ماوەی چەندان مانگە بانكی ناوەندی بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا، نەیتوانیوە ئەو بڕە دۆلارە بفرۆشێت، بەڵام شارەزایانی ئابووری لەو بڕوایەدان دۆخی بانك بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی، بەئاسانی مامەڵە بە دۆلارەكانی خۆیەوە بكات.

بەهای دینار و دۆلار لە كۆتاییەكانی ساڵی رابردووە تا ئێستە ناجێگیرە، بانكی ناوەندیش بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ جێگیركردنی بەهای دۆلار و دینار، بەڵام نەتوانراوە ئەمە بكرێت، لە كاتێكدا هەر دۆلارێك لە بانك بە هەزار و 300 دینارە، بەڵام لە دەرەوەی بانك 100 دۆلار بە 157 هەزار دینارە.


وشە - زریان تەها