كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە دەكەوێتە دوای نەورۆز

:: PM:02:20:18/03/2023 ‌
بەپێی كارنامەی دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ، لەم هەفتەیە كۆبوونەوە لەبارەی بودجە ناكرێ، پێشبینی دەكرێ لە دوای پشووەكانی نەورۆز دەست بە خوێندنەوەی یەكەم بكرێ.

ئەمڕۆ شەموو 18ی ئادار، دارا سێكانی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە كرد، ئەمڕۆ و سبەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە، بەڵام لە كارنامەی دانیشتنەكە هیچ بڕگەیەكی تایبەت نەكراوە بە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی 2023-2025.

هاوكات پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاساكەدا بە 12.67% جێگیر كراوە تا ئەوكاتەی سەرژمێری لە عێراق دەكرێ

سێكانی ئەوەی روون كردەوە كە بەهۆی ئەو رێككەوتنە سیاسییەی كراوە لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە، پێشبینی دەكەن لە ماوەی مانگێك یان كەمتر، پڕۆژەیاساكە پەسند بكرێ.

رۆژی 17ی ئادار، باسم عەوادی گوتەبێژی حكوومەتی عێراق لە راگەیەنراوێكدا ئااشكرای كردووە، پڕۆژەیاسای بودجەی 2023-2025 رادەستی پەرلەمانی عێراق كرا.

گوتەبێژی حكوومەتی عێراق روونی كردووەتەوە كە پڕۆژەیاساكە، چەندان مادە و بڕگەی نوێ لە خۆ دەگرێت كە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكان و گەشەپێدان و باشتركردنی ژێرخان بۆ هاووڵاتییان گرنگن.

لە دوای پێنج مانگ لە ئامادەكاریی پڕۆژەیاسای بودجەی 2023، رۆژی 13ی ئادار ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پڕۆژەیاسای بودجەی بۆ ساڵەكانی 2023 تا 2025 پەسند كرد، قەبارەی بودجە نزیكە لە 200 ترلیۆن دینار، نرخی بەرمیلی نەوت بە 70 دۆلار دیاری كراوە، بەپێی گوتەی عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی، نزیكەی 60 ترلیۆن دینار كورتهێنانە. 

هاوكات پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاساكەدا بە 12.67% جێگیر كراوە تا ئەوكاتەی سەرژمێری لە عێراق دەكرێ


وشە - زریان تەها